ئەو فەرمانبەرەی بە ئۆتۆمبیلی حكومی هەناری گواستبووەوە سزادرا

کوردستان

30/10/2020     ژمارەی بینراو 440

رۆژی یەكشەممە لێپرسینەوە لە شۆفێری ئۆتۆمبیلەكە دەكرێت

راچڵەكین – 
 
وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حكومەتی هەرێم روونكردنەوە لەسەر وێنەی ئەو فەرمانبەرە دەدات كە بە ئۆتۆمبیلی وەزارەتەكە هەناری گواستبووەوە، بڕیاریشیدا لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ فەرمانبەرەكە بكرێت و ئۆتۆمبیلەكەشی لێ وەربگیرێتەوە.

لە روونكردنەوەكەی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حكومەتی هەرێمدا هاتووە، دوای بڵاوبوونەوەی وێنەی ئۆتۆمبیلی ژمارە (43- گواستنەوە و گەیاندن) لە رۆژی هەینی 30-10-2020 لەسۆسیال میدیاكاندا، كاتێك فەرمانبەر (ئا.م.خ) بەدەر لە رێنماییەكانی حكومەت ئۆتۆمبیلەكەی بەكارهێنابوو، دەستبەجێ بە بڕیاری وەزارەت ئۆتۆمبیلەكە لە فەرمانبەری بەكارهێنەر وەرگیرایەوەو گەڕێندرایەوە بۆ ناو فەرمانگەی بەڕێوەبەرایەتییەكەی.

ئاماژە بەوەشكراوە، رۆژی یەكشەممە 1-11-2020 لەكاتی دەوامی فەرمیدا، فەرمانبەری ئاماژەپێكراو لێپرسینەوەی یاسایی پێویستی لەگەڵ ئەنجام دەدرێت.

وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن، رەخنەی توندیشی لەو ئەفسەرەی هاتووچۆ گرتووە كە وێنەكەی بڵاوكردووەتەوە، بەوەش تۆمەتباری كردووە كە لە بنەماكانی ئەركی پیشەییانەی خۆی لایداوە، چونكە بەگوێرەی روونكدرنەوەكەی وەزارەت، ئەو كارە دوورە لە رەوشت و ئیتیكی پیشەیی و دەكرا بە شێوەی نوسراوی فەرمی سەرووی خۆی لەلایەنە پەیوەندیدارەكان  لەم سەرپێچییە ئاگادار بكردبایەوە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی پێویست.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن