ئەمریكا سزا بەسەر چەند كۆمپانیایەكی نەوتی ئێرانی دەسەپێنێت

جیهان

30/10/2020     ژمارەی بینراو 216

راچڵەكین – 

ئیدارەی ئەمریكا لەچوارچێوەی سەپاندنی سزا ئابوروییەكانی بەسەر ئێران، شەش كۆمپانیای دیكەی ئەو وڵاتەی خستە ناو لیستی سزادراوەكان، كە لەبواری نەوت و پترۆكیمیاوی كار دەكەن و دەستیان هەبووە لە هەناردەكردنی نەوتی ئێران بەشێوەی نایاسایی.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا ئاشكرایكرد، شەش كۆمپانیاو چەند كەسایەتییەكی ئێرانییان خستە ناو لیستی سزادراوەكان، كە تۆمەتبارن بە هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوتی وڵاتەكەیان بەشێوەیەكی نایاسایی.

وەزارەتەكە لە راگەیاندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كۆمپانیا سزادراوەكان، كە جگە لە ئێران، لەهەردوو وڵاتی چین و سەنگافوراش لەبواری نەوت و پترۆكیمیاوی كار دەكەن و بەشداربوون لە پرۆسەی كڕینی نەوتی ئێران و دواتر فرۆشتنەوەیان بە وڵاتانی دیكە، كە پێچەوانەی یاسای سەپاندنی سزاكانی ئەمریكایە.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا بڕیاریشیدا بەڕێوەبەرانی جێبەجێكاری ئەو كۆمپانیایانەش بخاتە ناو لیستی سزادراوەكان، بەو پێیەی بەرپرسن لە پرۆسەی فرۆشتنی نەوتی ئێران.

لەماوەی رابردوودا ئیدارەی ئەمریكا سزای بەسەر دەیان كۆمپانیاو دامەزراوەو كەسایەتیی سیاسیی و ئابووریی ئێرانیدا سەپاندووە، بەرپرسانی باڵای واشنتۆن جەختیان لەوە كردووەتەوە كە سەپاندنی سزاكان بەسەر تاران بەردەوام دەبێت تا ئەوكاتەی دەستبەرداری سیاسەتەكانی لە نانەوەی پشێوی و ناسەقامگیری و پشتیوانیكردنی گروپە تیرۆریستییەكان دەبێت و دەبێتەوە وڵاتێكی مەدەنی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن