موقتەدا سەدر پەیامێك ئاڕاستەی خۆپیشاندەرانی شاری ناسڕیە دەكات

عێراق

29/11/2020     ژمارەی بینراو 192

راچڵەكین-

رابەری رەوتی سەدر، داوای لە خۆپیشاندەرانی شاری ناسرییە سەنتەری پارێزگای زیقار كرد كۆتایی بە خۆپیشاندنەكانیان بھێنن و بگەڕێنەوە ماڵەكانیان.

موقتەدا سەدر لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیوویەتی "دەبێت ئاشتی و ئاسایش لە ناسرییە بەرقەراربێت و پێویستە خەڵكی ناسرییە لەنێوان خۆیاندا بەگژیەكدا نەچنەوە، جگە لەوەش ھەر كەسێك ھەوڵی شڵەژاندنی رەوشی ئەمنی ناسرییە بدات و رێز لە شكۆی دەوڵەت نەگرێت، ئەوا پێویستە لەلایەن حكوومەتی ناوەندەوە بەتوندی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت".

موقتەدا نووسیوویەتی "ئامۆژگاری خۆپیشاندەرانی ناسرییە دەكەم كە كۆتایی بە خۆپیشاندانەكانیان بھێنن و  بە سەلامەتی بگەڕێنەوە ماڵەكانیان، چونكە بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو، پێویستیان بە یەكریزی ھەیە".

رۆژی ھەینی رابردوو لە میانی خۆپیشاندانەكانی شاری ناسرییە سەنتەری پارێزگای زیقار، پێكهەڵپژان لەنێوان لایەنگرانی رەوتی سەدر و خۆپیشاندەران روویدا و بەھۆیەوە پێنج كەس كوژراون و ٨٥ی دیكەیش برینداربوون كە پێنجیان كارمەندی ئەمنیین.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن