بەشیر حەداد داوا لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات شاندێک بنێرێتە بەغدا

عێراق

02/12/2020     ژمارەی بینراو 175

راچڵەکین- 

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، داوا لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات شاندێک رەوانەی بەغدا بکات بۆ ئەوەی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ حکوومەت فیدراڵی بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

‎نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: "کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا تەنیا لە رێگەی گفتوگۆ و دانوستاندنەوە چارەسەر دەکرێن و ھیچ رێگەیەکی دیکە نییە جگە لە کۆبوونەوە لەسەر مێزی دانوستاندن بۆ ئەوەی چارەسەری کێشە کەڵەکە بووەکان بکەن".

بەشیر حەداد داوا لە حکوومەتی ھەرێمی کودستانیش دەکات شاندێکی ھونەری و سیاسی رەوانەی بەغدا بکەن تاوەکو لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی و لایەنە سیاسییەکان گفتوگۆ و دانوستان بکەن بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێک لەمەڕ کێشە سیاسی و داراییەکان، بەتایبەت کێشەی نەوت و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان.

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوەش دەکات کە لە داھاتوویەکی نزیکدا پرۆژە یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢١ دێتە ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت، بۆیە پێش ئەوە پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان شاندێک رەوانەی بەغدا بکات و لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بگەنە رێککەوتنێک و بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستان لە نێو ئەو پرۆژە یاسایەدا جێگیر بکرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن