كه‌ی‌ پێویسته‌ پشكنین بۆ به‌رزی چه‌وری خوێن بكرێت؟

تەندروستی

02/12/2020     ژمارەی بینراو 538

چه‌وری خوێن


ڕاچڵه‌كین-


جار نییە نەخۆشێک نەیەت و داوای فەحسی چەوری نەکات،لە کاتێکدا پێوویستی نییە و بە زیادە سەرقاڵیان کردووە.جگە لەوەی کاتێکی زۆری خۆی بە زیادە لە دەست دەدات. مەسرەفێکی زۆریش دەکات لە خۆڕای، ئه‌مه‌ وته‌كانی دكتۆر زانیاره‌ پزیشکی پسپۆڕی هەناوی سه‌باره‌ت به‌ پشكنینی به‌رزی چه‌وری خوێن و ئه‌م پزیشكه‌ ڕونكردنه‌وه‌ی‌ زیاتر له‌باره‌ی‌ ئه‌م پشكنینه‌ ده‌دات.

ئەم گیرۆدە بوونە لە چییەوە هاتووە؟

ساڵانێک پێش ئێستا کاتێک جیهان درکیان کرد بە مەترسی بەرزبوونەوەی چەوری کۆلستیرۆڵ لە خوێنی خەڵکدا، ئامۆژگاری هاووڵاتی خۆیان کرد کە ووریا بن و پشکنینی خۆیان بکەن،چارەسەری ئەوانەش بکەن کە لە مەترسیدان بۆ تووش بوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ وەکو جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک. 

ئەو پەیوەندیە تووندە بوو لە نێوان بەرزی چەوری خوێن و جەڵتە کە وای کردووە جۆرەها چارەسەر بدۆزرێتەوە بۆ نەخۆشەکان لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوو، کەواتە مەسەلەکە بەرگرییە لە جەڵتەی مێشک و دڵ و قاچ و ئەوانە پەیوەندی بە خودی چەورییەکەوە نییە.

لای خۆمان زۆرێک لە نەخۆش وا تێ گەشتوون کە بەرزی چەورییەکە خۆی نەخۆشییە، تەنانەت ئێمە جیاواز لە هەموو جیهان، وا دەزانین ئه‌گەر سەرمان بیەشێت یان شان و ملمان ڕەق بن و یان هەناسە سوار بین ئەوا هۆکاری بەرزی چەورییەکەیە. لە ڕاستیدا شتی وا بوونی نییە، بەرزی چەوری هەرگیز نیشانەی نییە.

لێرەدا بە چەند خاڵێک بۆتان ڕوون دەکەمەوە کە چۆن مامەڵە لەگەڵ بەرزی چەوری بکەین:

1- کێ پشكنینی پێویستە؟
خۆمان بکەین بە دوو گروپەوە تا تێ بگەین: گروپی مەترسی (ئەوانەی کەسسێک لە بنەماڵەکەیان بە گەنجی مردووە بە نەخۆشی دڵ یان بە زگماکی چەورییان زۆر زۆر بەرزە). گروپی دووەمیش (ئەوانەی مەترسییان نییە بەڵام تەمەنیان لە ٤٠ ساڵ زیاترە)

2- چەند ساڵ جارێک پێویست به‌ پشكنین ده‌كات؟
بۆ کەسێک سەروو 40 ساڵ بێت و نەخۆش نەبێت لەوانه‌یە تا 5 ساڵی دیکەش فەحسی نەیه‌وێتەوە. بۆ کەسێک لە گروپی مەترسی بێت لەوانەیە زووتر پشکنینی بوێتەوە. ئەمە  پێویسته‌ پزیشك بۆت رێک بخات.

3- كاتێك كۆلیستڕۆڵی خوێن به‌رز بوو چی بکەین؟
پێش هەموو شتێک ووریا بن لە کوردستان وەرەقەی ئەنجامی پشکنینی چەوری زۆربەی جار هەڵەیە.
وەرەقەی ئەنجامەکە لە تەنیشتەوە کە نۆرماڵەکان نووسراوە ئەوا بۆ کەسی ئاسایین و ئینجا هەر هەڵەیە. بەرزی چەوری خۆی گرنگ نییە، ئەوە گرنگە تۆ ئاستی مەترسییەکەت لەگەڵ ژمارەی چەورییەکە چەندە. ئەمە پزیشكه‌كه‌ت دەبێت بۆت بکات لە ڕێی چەند هاوکێشەیەکەوە کە زەرب و تەقسیمی دەکات بۆت. کەواتە لەمەولا وەرەقەی ئەنجامی پشكنینی چەوری بە پەلە مەدە بە دکتۆرەکەت چوونکە کارێکی قووڵی دەوێت تا بزانێت چارەسەر وەرگریت یان نا.

هەروەها ووریا بە، ئه‌گەر تۆ شەکرەت بێت یان سستی گورچیلە یان پێشتر جەڵتەی دڵ یان مێشکت هەبووبێت ئەوا بێ یەک و دوو دەبێت دکتۆرەکەت حەبی چارەسەری چەوریت بۆ بنووسێت و پێویست بەم بێنە و بردەیە ناکات چوونکە تۆ لە گروپی مەترسیدایت. مەگەر هۆکارێک هەبێت کە دکتۆرەکە بۆت دوا بخات بۆ نمونە شەکرەی جۆری 2 هەیە و کۆنترۆڵە گەنجیت و وەزعت باش بێت.

4- چارەسەر؟
دوای ئەوەی یەکلا بووەوە کە تۆ بە هۆی بەرزی چەورییەکەت مەترسیت هەیە بۆ سەر دڵ و تەمەنت، ئەوکات:
بۆ هەموو کەس خواردنی ماسی و گوێز و سەوزە و میوە زیاد بکە و خواردنی برنج و نان و گۆشتەکان کەم بکەرەوە. 

ووریا بە هەڵت نەخەڵەتێنن بە خواردنی دووگ و و ڕۆنی تووند، ئەمانە راستە چەوریت بەرز ناکەنەوە بەڵام قەڵەوت دەکەن ئه‌گەر زۆر بیان خۆیت بۆیە هەر هەمان مەترسی هەیە بۆ سەر دڵت. وەرزش بکە. پێ لە دکتۆرەکەت مەبڕە. جگەرە تەرک بکە تکایە تکایە.

بۆ گروپی مەترسی: دەست بە جێ دەست بکە بە حەبی چەوری، تەنها و تەنها حەبی چەورییەکە تۆ دەپارێزێت لە جەڵتەی دڵ و مێشک کە بەهۆی بەرزی چەورییەکەتەوە بێت. ئەمەش قووڵە، کام دەرمان؟ کام قووەتی حەب؟ کام مارکە؟ تا چەند ساڵ؟ ئەمەیان ئەرکی پزیشکەکەتە بۆت بچنێت بە پێی تۆ.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن