عەدنان عوسمان: هەرێمى کوردستان نازانێ لەگەڵ بەغدا داواى چیدەکات و چیدەوێت

کوردستان

05/12/2020     ژمارەی بینراو 322

.راچڵەکین-

وتەبێژى بزوتنەوى گۆڕان دەڵێت، پێویستە حکومەتى هەرێم شاندێکى سیاسى بڕیار بەدەستى سیاسى بنێرێتە بەغدا و لە پێناو هاوڵاتیانى هەرێم و ژیانى خەڵک رێککەوتن بکات، دەشڵێت:" هەرێمى کوردستان نازانێ لەگەڵ بەغداد داواى چیدەکات و چیدەوێت، بەڵکو هەر بەو دروشمە دەڕوات (بەشى تۆ دەخۆم و بەشى خۆم بۆ خۆم)".

عەدنان عوسمان، وتەبێژى بزوتنەوەى گۆران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:  بزوتنەوەى گۆڕان وەک نەریتى خۆى پشتگیرى لە ناڕەزایەتى و خۆپیشاندانى خەڵک و موچەخۆران و مامۆستایان دەکات و خەڵک مافى خۆیانە ناڕەزایەتى دەرببڕن و داواى مافى خۆیان بکەن و فشار بکەن لە حکومەت بۆ ئەوەى بتوانرێت مووچەکانیان و ژیانیان و کەرامەتیان بپارێزرێت.

"خۆپیشاندان مافە و نابێت هیچ یاسایەک هەبێت رێگرى لەوە بکات و توندوتیژ و ئەشکەنجەدانى خۆپیشاندەرانیش بەهەر بیانویەک بێت لاى بزوتنەوەى گۆڕان هێڵى سورە، چونکە ئەوە خۆپیشاندانى نان و برسێتییە و هەر حیزبێکى سیاسى و بەرپرسێک بیر لە ژیان و کەرامەتى هاوڵاتیانى نەکاتەوە روبەڕوى نەفرەت دەبێتەوە بۆیە ئێمە هەر دەستدرێژییەک بۆسەر خۆپیشاندەران مەحکوم دەکەین" عەدنان عوسمان وای وت.

دەربارەی رێککەوتن لەگەڵ بەغدا وتیشی:" لەگەڵ ئەوەین رێککەوتنى نێوان هەرێم و بەغدا ئەنجام بدرێت و  پێشمان وایە ئەو رێککەوتنە لە قازانجى خەڵک و موچەخۆران و بوژانەوەى ئابورى هەرێم دەبێت، ئەوەش هەرگیز بەماناى ئەوە نایەت هەرێم بگەرێتەوە بۆ دواوە کاریگەرى لەسەر قەوارەى هەرێم هەبێت، بۆیە کوردایەتى و نیشتمان پەروەرى لە ئیستادا ئەوەیە چۆن بتوانیت بە کەرامەتەوە ژیان و قوت و کەرامەتى میللەتەکەت زامن بکەیت".

عەدنان عوسمان راشیگەیاند، هەرێمى کوردستان نازانێ لەگەڵ بەغداد داواى چیدەکات و چیدەوێت، بەڵکو هەر بەو دروشمە دەڕوات (بەشى تۆ دەخۆم و بەشى خۆم بۆ خۆم)، بەڵام ئێستا واقعێکى نوێ لە عێراق هەیە و لەوێش ئەوە قبوڵ ناکرێت بۆیە دەبێت هەرێم بۆ ئەو واقعە نوێیە بە ستراتیژى خۆیدا بچێتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن