راچڵەکین-
قائیمقامیەتی سلێمانی سەبارەت بە گۆڕینی ئاوی ئەو دەفرەی نێرگەلەی لەسەر جێگیر دەکرێت هۆشداری دەدات و سەرۆکی لیژنەکانیش دەڵێت: مەترسی گواستنەوەی نەخۆشی لێدەکرێت.
لەشکر حەمید، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، سەرجەم کافتریا و کۆفی شۆپەکان پێویستە لەدوای کێشانی نێرگەلە پێوستە ئاوی ئەو دەفرە بگۆڕن (قاعیدەی) نێرگەلەکەی لەسەر جێگیر دەکرێت، چونکە بەهۆیەوە مەترسی گواستنەوەی ڤایرۆس و میکرۆب لێدەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەڕێی فوکردن بە قامچیەکە و هەڵمژینی دوکەڵی نێرگەلەکەوە، ڤایرۆس و میکرۆب دەگوازرێتەوە، ئەو دەفرە و ئاوەکەی ناوی و دەبێت بەناوەندێک بۆ بەزیندو هێشتنەوە و گەشەکردنیان و خۆ گواستنەوە بۆناو لەشی کەسێکی دیکە.
لەشکر حەمید باسی لەوەشکرد، یەکێک لە مەرجەکانی کردنەوەی شوێنەکانی نێرگەلە کێشان، بەکارهێنانی قامچی(سۆندە)ی سەفەرییە، کەتەنها یەکجار و بۆ یەک کەسی نێرگەلەکێش بەکاربهێنرێت، بەپێچەوانەوە رێکاری یاسایی توند بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.