هاوسەرگیرییەکەت مەکە بەقوربانی منداڵەکانت

ستایل

14/12/2020     ژمارەی بینراو 376

هاوسەرگیرییەکەت مەکە بەقوربانی منداڵەکانت

ڕاچڵه‌كین-

 بەلاتانەوە سەیر نەبێ ئەگەر بڵێم پەروەردەکاری یەکەمی منداڵ دایک و باوک نییە، بەڵکو پەیوەندی نێوان دایک وباوکە وەک هاوسەر.

منداڵی باش پەیوەندیت لەگەڵ هاوسەرەکەت باش ناکات، بەڵام پەیوەندیی باشی تۆ و هاوسەرەکەت منداڵەکەتان زۆر باش دەکات.

بۆیە لەتاو منداڵ پەیوەندییەکەتان فەرامۆش مەکەن، خۆشەویستی نێوان ئێوە گەورەترین سەرچاوەی دەروونساغیی ئەوانە.

 بەڵام هەندێکجار دایکان و باوکان دەکەونە هەڵەیەکی گەورەوە:
 لەتاو کێشەی سۆزداریی خۆیان و بێچارەییان لە چاککردنی ژیانی هاوسەرییان پەنا دەبەنە بەر منداڵەکانیان تاکو وەک فریادرەس ئەو ئازارەیان لەبیر بەرێتەوە و لە بەرپرسیارێتی و ڕووبەڕوبوونەوەی کێشە ڕاستەقینەکانیان ڕزگاریان بکات.

ئەوجۆرە دایک و باوکانە نائاگایەنە مناڵەکانیان وەک ئامراز بەکاردەهێنن، شەڵڵا هەر ئەوەندە بوایە! چونکە هەندێجار پێویستە "کێشەیەك" بۆ منداڵەکەت بخوڵقێنیت تاکو بتوانی خۆتی پێوە بخافڵێنیت و بۆخۆتی بسەلمێنیت کە ئەوەتا خەریکی چاککردن و چارەسەرکردنیت.

 مناڵەکەت مەکە بە قۆچی قوربانی
تۆ خەریکی خراپکردنی شتێکیت نەک چاککردنی، ئەوەی پێویستی بە چاککردنە، شوێنێکی تر و شتێکی ترە، ئەوەی وا دەکات درککردن بەم حاڵەتە قورس بێ ئەوەیە زۆرجار لەژێر پەردەی دایکی خەمخۆر باوکی دڵسۆزدا خۆی حەشار دەدات.

 چارە چییە؟ ٥ پێشنیار هه‌یه‌:

1- ئەو لایەنەمان قبوڵ بێ کە دەشێ باوکێک/دایکێک منداڵەکەی بۆ مەرامی کەسی خۆی بەکاربێنێ. ئەمە هیچ لەو ڕاستییە کەم ناکاتەوە کە تۆ دایکێک/باوکێکی دڵسۆز و تاقانەیت بۆ مناڵەکانت.

2-بوێربە و مەترسە لە ڕوبەڕوبونەوەی کێشەکان. خۆتمەخۆرەوە، دۆخەکە ڕامەکێشە. فێربە چۆن بە شێوازی ئەرێنی توڕەیی و دڵشکاویەکانت دەردەبڕی.

3- بەردەوام سەرمایەگوزاری بکە لە پەیوەندییەکەتدا، کات و وزە بەخەرج بدە، بخوێنەوە، بەشداری خول و سیمینار بکە.
4- پێداچوونەوە بکە بە خولگەی ئەو کەسانەی کە زۆرترین بەرکەوتنت هەیە لەگەڵیان. کات لەگەڵ ئەو کەسانە بەسەربەرە کە هەستی ڕەزامەندیان هەیە لە ژیانی هاوسەری و هەر خەریکی گلەیی نین.

5- ئەگەر کێشەیەکت لەگەڵ هاوسەرەکەت هەیە، هەتا دەتوانی لەگەڵ خۆی باسی بکە، ئەگەرنا داوای هاوکاری لە کەسی شارەزا بکە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن