یەکێتی مامۆستایان و پەرلەمان ئاگاداری دواخستنی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن نین

ڕاپۆرت

07/01/2021     ژمارەی بینراو 466

راچڵەکین-

ئەمڕۆ جارێکی دیکە حکومەت دواخستنی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندنی درێژکردەوە و یەکێتی مامۆستایان و پەرلەمانیش پێیان وایە، دواخستنی پرۆسەکە پەیوەندی بە کۆرۆناوە نییە، بەڵکو حکومەت ناتوانێت مووچە دابەشبکات.

عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ راچڵەکین وتی:" بە هیچ شێوەیەک ئاگاداری ئەو بڕیارەی حکومەت نین بۆ دواخستنی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن و رای ئێمە وەک یەکێتی مامۆستایان وەرنەگیراوە و ئەوە بڕیارێکی سیاسییە و پەیوەندی بە کۆرۆناوە نییە".

دەشڵێت:" حکومەت ناتوانێت مووچە دابەشبکات،بۆیە لە ترسی خۆپیشاندان و بایکۆتکردنی پرۆسەی خوێندن دووبارە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندنی دواخستووە، ئەگەر نا ئێستا هێج مەترسییەک لە ئارادا نییە".

لای خۆشییەوە شەمۆڵ ئاشتی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە ٧-١-٢٠٢٠ لە لێدوانێکدا بۆ راچڵەکین وتی:"  ئاگاداری ئەو بڕیارەی حکومەت نین بۆ دواخستنی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن، چونکە پلان دانرابوو پرۆسەی خوێندن رۆژی ١٠ی ئەم مانگە دەستپێبکاتەوە، بەڵام زۆر بە راشکاوی دەیڵێم ئەو بڕیارانە پەیوەندی بە ترسی بایکۆت و پێنەدانی مووچەوە هەیە نەک کۆرۆنا".

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت:" بۆیە بۆ ١٦ی ئەم مانگە دواخراوە، چونکە بڕیارە حکومەت ئەو کات مووچە دابەشبکات".

ئەوە لە کاتێکدایە رۆژی ٢٧ی ئەیلوولی ئەمساڵ، ساڵی نوێی خوێندن بۆ قۆناغی ١٢ی ئامادەیی لەناو ناوەندەكانی خوێندن و ١٠-١٠-٢٠٢٠ بۆ قۆناغی یەك و دووی بنەڕەتی لەناوەندەكانی خوێندن دەستیپێكرد، بۆ قۆناغی سێی بنەڕەتی تاوەكو ١١ی ئامادەیی، پرۆسەی خوێندن، بەشێوەی ئەلیكترۆنی دەستیپێكرد، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بەڤایرۆسی كۆرۆنا لەهەرێمی كوردستان بەگشتی و لەریزی خوێندكاران و مامۆستایان بە تایبەتی، بڕیاردرا بە داخستنی دەرگای قوتابخانەكان، رۆژی ١-١٢-٢٠٢٠، جارێکی دیکە لیژنەیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان، بڕیاریدا دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن بۆ ٧-١-٢٠٢١،دوابخرێت و خوێندن لەزانكۆ و پەیمانگاكانیش بەو شێوەیەی كە هەیە بەردەوام بێت، مامۆستایانی نارازیش دەڵین تا ٣٠ رۆژ جارێک موچە وەرنەگرن نارۆنەوە هۆڵەکانى خوێندن.

ئەمڕۆش جارێکی دیکە حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆسەی دەستپێکردنەوەی خوێندنی تا رۆژی ١٦ی ئەم  مانگە درێژکردەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن