دوا بڕیاری سێ سەرۆكایەتییەكەی عیراق لەبارەی هەڵبژاردن ئاشكرا بوو

عێراق

14/01/2021     ژمارەی بینراو 256

راچڵەكین –

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سێ سەرۆكایەتییەكەی عیراق لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، بڕیاردرا دەرفەتی زیاتر بە قەوارەو هاوپەیمانێتییەكان بدرێت بۆ تەواوكردنی رێكارەكانی هەڵبژاردن و پێویستیی جێبەجێكردنی ماددەی 64 تایبەت بە خۆهەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان. 

بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆكی حكومەتی عیراق، ئەمڕۆ 14-1-2021 كۆبوونەوەی هەرسێ سەرۆكایەتییەكە بە بەشداری سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی و سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بەڕێوەچوو.

لە كۆبوونەوەكەدا، كە نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكانیش ئامادەی بوو، گفتوگۆ لەبارەی دۆسێی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان كراو بۆ ئەو مەبەستەش كۆمسیۆنی هەڵبژاردن خشتەیەكی تایبەت بە كارە هونەرییەكان و وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن خستەڕوو، كە بڕیارە لە وادەی خۆی لە 6-6-2021 بەڕێوەبچێت.

لە بەشێكی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، جەخت لەوەكرایەوە كە پێویستە پرۆسەی بایۆمەتری بۆ سەرجەم دەنگدەران تەواوبكرێت و هەماهەنگیش بكرێت بۆ چاودێریكردنی هەڵبژاردن لەلایەن دەزگا نێودەوڵەتییەكانەوە.

كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئاماژەی بەوەكرد كە دەرفەتی زیاتر دەدەنە كاندیدو قەوارەو هاوپەیمانییەتی و هێزە نوێیەكانی بەشدار لە پرۆسەكە، لەپێناو تەواوكردنی رێكارە یاساییەكان و پێشكەشكردنی لیستی كاندیدەكانیان بۆ هەڵبژاردن.

لە كۆبوونەوەكەدا، بەبێ ئاماژەكردن بە دواخستنی هەڵبژاردن، جەخت لەسەر پاڵپشتیكردنی تەواوی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كرایەوەو بەپێویستیش زانرا پەرلەمان یاسای دادگای فیدراڵی پەسەندبكات و ماددەی 64ی دەستوریش جێبەجێ بكات، كە تایبەتە بە خۆهەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران وەك ئامادەكارییەك بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە.

پێشتر میدیاكانی پارتی لەسەر زاری ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویانكردەوە، بڕیاردراوە بە دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان بۆ دوای مانگی ئەیلول-ی ئەمساڵ. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن