عیراق؛ دەستبەسەر دەیان بۆمبی چێندراودا گیرا

عێراق

15/01/2021     ژمارەی بینراو 179

راچڵەكین-

وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، هێزەكانیان هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنینیان لە پارێزگاكانی كەركووك و نەینەوا و ئەنبار ئەنجامداوە و تیایدا دەستیانگرتووە بەسەر دەیان بۆمبی چێنراودا.

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی سەربە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، هێزە عێراقییەكان لە هەڵمەتی كیوماڵكردن لە دۆڵی كۆر لە پارێزگای كەركووك، حەشارگەیەكی چەك و تەقەمەنی رێكخراوی تیرۆریستیی داعشیان دۆزیوەتەوە، كە 14 بۆمبی چێنراو و 20 دەبەی پلاستیكی كە ماددەی "C4"ی تیادابووە.

ئاماژە بەوەشدراوە، هێزەكانیان لە گوندی خەندەقی بچووك لە پارێزگای نەینەوا پێنج بۆمبی چێنراویان دۆزیوەتەوە كە لەژێر زەویدا حەشاردرابوون.

وەك لەراگەیەندراوەكەدا هاتووە، هێزەكانی سەربە وەزارەتی بەرگریی لە ناوچە جیاجیاكانی پارێزگای ئەنبار حەوت بۆمبی دروستكراوی ناوخۆ و دوو جلیكانی پلاستیكی 20 لیتریان دۆزیوەتەوە كە ماددەی ئەمۆنیومی تیادابووە، لەگەڵ سێ گوللـەی هاوەن.

ئاماژە بەوەشدراوە كە دەستبەسەرداگرتنی ئەو بۆمب و ماددانە لە میانی هەڵمەتی گەڕان و پشكنین بووە بۆ راوەدوونانی پاشماوەكانی داعش كە لە 24 كاتژمێری رابردوودا ئەنجامدراون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن