حەشدی شەعبی: ئەمریكا بەسزادانی ئەبو فەدەك.. سەروەری عیراقی پێشێلكردووە

عێراق

15/01/2021     ژمارەی بینراو 187

راچڵەكین-

دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند، سزادانی ئەبو فەدەك محەممەداوی - سەرۆك ئەركانی حەشدی شەعبی، پێشێلكردنی سەروەریی عیراقە،لەكاتێكدا حەشدی شەعبی بەشێكە لە سیستەمی سەربازیی فەرمیی عیراق.

دەستەی حەشدی شەعبی لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە:" ئەمریكا كە خۆی بە راسپێردراوی جیھان سەپاندووە و بەردەوام سەروەریی وڵاتان پێشێل دەكات و شكۆی گەلان دەشكێنێت، بەم دواییانە ناوی سەرۆك ئەركانی حەشدی شەعبی، ئەبو فەدەك محەممەداوی، خستووەتە نێو لیستی سزاكانیەوە، ئەمریكا بەو ھەنگاوەی سەروەریی عیراقی پێشێل كردووە، جگە لەوەیش بڕیارەكانی حكوومەت و دامەزراوە فەرمییەكان و ئەنجوومەنی نوێنەران عیراقی بە گرنگ نەزانیوە، لەكاتێكدا حەشدی شەعبی بەشێكە لە سیستەمی سەربازیی فەرمیی عیراق و فەرمانەكانی لە فەرماندەی گشتیی ھێزە چەكدارەكان وەردەگرێت و ملكەچی سەرجەم رێوشوێنە یاساییەكانە".

ئاماژەبەوەشكراوە: "ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە ئەوەیە، كەسانێك بە تیرۆریست لەقەڵەم دراون كە رووبەڕووی تیرۆر بوونەتەوە و لە بری جیھان دژبە دڕندەترین رێكخراوی تیرۆریستی  كە داعشە، جەنگاون و شكستیان بە پلانە ھێناوە كە ئەو رێكخراوە تیرۆریستە بۆ وێرانكردنی عیراق و ناوچەكە داینابوو".

لە كۆتایی راگەیەنراوەكە دەستەی حەشدی شەعبی جەختیكردووەتە لەسەر ئەوەی كە ئەوان بڕوایان بە دەوڵەتی عیراق ھەیە لەوەی وەڵامی پێشێلكارییە بەردەوامییەكانی ئەمریكا بۆسەر سەروەریەكانی عێراق بداتەوە.

چەند رۆژێك لەمەوەبەر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، عەبدولعەزیز محەمەداوی، ناسراو بە ئەبو فەدەك سەرۆك ئەركانی حەشدی شەعبی، ، خستە لیستی تیرۆرەوە كە نابراو یەكێكە لە دیارترین سەركردەكانی كەتائیبی حزبوڵڵای عیراق و پێشتر فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەو رێكخراوە بووە كە لە ساڵی ٢٠٠٩وە لەلایەن ئەمریكاوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوە.

ھەینی رابردووش ٨ی كانوونی دووهەم، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا، بە تۆمەتی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و سەركوتكردنی خۆپێشاندەران لە عیراق، لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ٢٠١٩ سزای بەسەر سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە عێراق، فالح فەیاز، سەپاند.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن