كەمپێكی دیكەی ئاوارەكانی عیراق داخرا

عێراق

15/01/2021     ژمارەی بینراو 270

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق پلانی هەیە بۆ چۆڵكردنی سەرجەم كەمپەكان

راچڵەكین –

بەهۆی گەڕانەوەی سەرجەم خێزانە ئاوارەكانی نیشتەجێی كەمپی سەلامیە لە پارێزگای نەینەوا بۆ زێدی خۆیان، كەمپەكە بە تەواوی داخرا، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراقیش دەڵێت: كەمپەكە پێنج هەزار خێزانی لەخۆگرتبوو، هەموویان گەڕاونەتەوە ناوچەكانیان.
 
ئیڤان فایق، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەمڕۆ 15-1-2021، بڕیاری داخستنی كەمپی سەلامییە دران ئەوەش دوای چۆڵبوونی لەو خێزانە ئاوارانەی كە بەهۆی دۆخی ناسەقامگیری ناوچەكانیان، تێیدا نیشتەجێ ببوون.

وەزیری كۆچ و كۆچبەران باسی لە رەوشی خراپی ژیانی ناو كەمپەكە كرد، كە بە هەزاران منداڵ لە رەوشێكی سەخت و دژواردا دەژیان، وتیشی:"  ئێستا كاتی ئەوە هاتووە ئەو نەوەیە لە ژینگەیەكی سەقامگیرو گونجاو، جیاواز لە رەوشی سەختی ناو كەمپەكان بژین."
 
ئیڤان فایەق، جەختی لەوەكردەوە گەڕانەوەی ئاوارەكانی ناو كەمپەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان، ئەركی لەپێشینەی وەزارەتەكەی دەبێت، ئاماژەی بەوەشكرد كە پلانێكی نیشتمانییان ئامادەكردووە بۆ داخستنی سەرجەم كەمپەكان لە سەرەتای ئەمساڵەوە، بەو جۆرەش زیاتر لە ملیۆنێك و 500 هەزار ئاوارە دەگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان.
  
لەماوەی رابردوودا، چەندین كەمپی ئاوارەكان دوای گەڕانەوەی سەرجەم خێزانە نیشتەجێبووەكان بۆ زێدی خۆیان، بڕیاری داخستنیان درا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن