عێراق و توركیا دۆسێی ئاوی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ دەكەن

عێراق

16/01/2021     ژمارەی بینراو 186

راچڵەكین-

وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق، لەگەڵ نێردەی تایبەتی سەركۆماری توركیا بۆ كاروباری ئاو، پرسە ھەڵپەسێردراوەكانی نێوان ھەردوو وڵاتیان، تایبەت بە دۆسێی ئاو تاوتوێ كرد.

نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عێراق لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، مەھدی رەشید حەمدانی- وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق، لەگەڵ ویسل ئەر ئۆغڵۆ- نێردەی تایبەتی سەركۆماری توركیا بۆ كاروباری ئاو، لەڕێگای ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە، پرسە ھەڵپەسێردراوەكانی نێوان ھەردوو وڵاتیان، تایبەت بە دۆسێی ئاو تاوتوێ كرد.

بەپێی راگەیەنراوەكە لە كۆبوونەوەكەدا، سەبارەت بەو رێككەوتنانە گفتوگۆكراوە كە لە سەردانەكەی ئەم دواییەی مستەفا كازمی- سەرۆكوەزیرانی عێراق، بۆ توركیا لە نێوان ھەردووڵاتدا كراون.

ئەوەش روونكراوەتەوە، ھەر لە كۆبوونەوەكەدا باس لە ژمارەیەك رۆژەڤی گرنگ تایبەت بە دۆسیەی ئاو لە نێوان عێراق و توركیا كراون لەوانە رەشنووسی پرۆتۆكۆڵی ھاوكاریی لە بواری ئاو، هەروەها دروستكردنی ناوەندی توێژینەوەی ھاوبەشی نێوان ھەردوو وڵات بۆ چارەسەركردنی دۆسیەی ئاو.

لە راگەیەنراوەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو، ویسل ئەر ئۆغڵۆ، جەختی كردەوە لەسەر ئەوەی كە بەھیچ شێوەیەك نایانەوێت زیان بە بەرژەوەندییەكانی ئاوی عێراق بگەیەنن و ھەوڵدەدەن لەگەڵ لایەنی عێراقی پێكەوە دۆسیەی ئاوی نێوان ھەردوو وڵات چارەسەر بكەن.

بڕیاربوو دوێنێ ھەینی مەھدی رەشید حەمدانی- وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق، بەسەرۆكایەتی شاندێك بۆ گفتوگۆكردن لەسەر رەشنووسی پرۆتۆكۆڵی ھاوكاریی لە بواری ئاودا سەردانی توركیا بكردایە، بەڵام سەردانەكە بۆ كۆتایی ئەم مانگە دواخرا.

ئاوی ھەردوو رووباری دیجلە و فورات لە رۆژھەڵاتی توركیاوە ھەڵدەقوڵێت و بە خاكی سووریادا تێپەڕدەبێت تاوەكو دەگاتە عێراق و لە ناوچەی قوڕنە باشووری ئەو وڵاتە پێكدەگەن و دەڕژێنە كەنداوی عەرەب.

ھەردوو رووباری دیجلە و فورات وەك سەرچاوەی سەرەكی ئاوی عێراق ھەژمار دەكرێن و لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا رێژەی ئاو تیایدا كەمی كردووە ئەمەش بەھۆی كەمی دابارینی باران بووە.

عێراق بۆ بەرھەمھێنانی وزەی كارەبا و كشتوكاڵ بەشێوەی سەرەكی سوود لە ئاوی ئەو دوو رووبارە وەردەگرێت.

مانگی تەمووزی ساڵی رابردوو، وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق، رایگەیاند، ئاو لە ھەردوو رووبارەكەدا لەمساڵدا بەڕێژەی لەسەدا ٥٠ كەمی كردووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن