ئیسپانیا.. تەقینەوەیەكی بەهێز لە ناوەڕاستی مەدرید روویدا

جیهان

20/01/2021     ژمارەی بینراو 196

راچڵەكین – AA

لەشاری مەدرید-ی پایتەختی ئیسپانیا بەهۆی تەقینەوەیەكی بەهێز كە لە باڵەخانەیەك روویدا، لانی كەم دوو كەس گیانیان لەدەستدا.

میدیاكانی ئیسپانیا بڵاویانكردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ  20-1-2021، تەقینەوەیكی بەهێز لە باڵەخانەیەكی گەڕەكی پورێتۆ دی تۆلێدۆ لەناوەڕاستی شاری مەدریدی پایتەخت روویداو بەهۆیەوە لانی كەم دوو كەس گیانیان لەدەستداوە.

بەگوێرەی ئەو گرتانەی كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە، تەقینەوەكە زیانی زۆری بە نهۆمی سەرەوەی باڵەخانەكە گەیاندووەو بە وتەی شایەتحاڵەكانی نیزك لە شوێنی رووداوەكەش، تەقینەوەكە ژمارەیەكی زۆر برینداری لێكەوتووەتەوە.

هاوكات، تەقینەوەكە زیانێكی گەورەی بەو ئۆتومبێلانەش گەیاندووە كە لەبەردەم باڵەخانەكەدا وەستێنرابوون، تیمەكانی بەرگریی شارستانیش، بازنەیەكی ئەمنییان لە ناوچەكەدا دروستكرد.

بەگوێرەی زانیارییەكان، لە تەنیشت باڵەخانەكەدا، خانەیەكی بەساڵاچووان و خوێندنگەیەك و كڵێسایەك هەیە.

میدیاكانی ئیسپانیا، هۆكاری تەقینەوەكەیان بۆ دزەكردنی غاز لەناو باڵەخانەكە گەڕاندووەتەوە.

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن