رێبوار كەریم: لەبەغدا كەس گوێ لەم قسەیەی هەرێم ناگرێت

کوردستان

21/01/2021     ژمارەی بینراو 911

راچڵەكین-

نوێنەرێكی كورد لەپەرلەمانی عیراق دەڵێت، لەبەغدا كەس گوێ لەو قسەیەی هەرێم ناگرێت كە دەڵێت داهاتی نەوت رادەستی سۆمۆ دەكات نەك نەوت.

رێبوار كەریم، ئەمڕۆ پێنجشەممە لەكۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد:"لای هەموان روونە كە دواین بەیاننامەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێ نەوت رادەست ناكەین، بەڵكو داهاتی نەوت دەدەین، ئەو قسەیەش لە بەغدا كەس گوێی لێناگرێت".

وتیشی: "ئێمە ئێستا ئەوەی بۆمان روون بووەتەوە ئەوەیە كە هەرێم رێگەیەكی تری هەڵبژاردووە ئەویش ئەوەیە كە هیچ نادات بە بەغدا، بەڵام ئەگەر خەڵك لێی بێدەنگ نەبێت هەنگاوێكی سەركەوتوو نابێت."

رێبوار دەڵێت: "ئێستا لە پەرلەمانی عیراق دوو بۆچوون هەیە، یەكەم ئەوەیە دەڵێن هەموو نەوتەكەمان رادەست بكەن و ئێمە هەموو ئەركەكانی لە ئەستۆ دەگرین، كە ئێمە پێمان وایە ئەمە باشترین چارەسەرە بۆ ئەم قۆناغە، بۆچوونێكی تریش هەیە كە دەڵێ 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بكەن بە نرخی سۆمۆ، بۆ ئەمەش ئەوكات حكومەتی هەرێم دەبێت قەرزی بۆ بكات، چونكە نرخی نەوتەكەی هەرێم كەمترە".

ئەو نوێنەرەی كورد لەپەرلەمانی عیراق ووتی: "ئێمە كاردەكەین بۆ ئەوەی چارەسەری مووچە بە رێگەیەكی جیاواز بدۆزینەوە، هەر پەرلەمانتارو لایەنێكیش بیەوێت كێشەمان بۆ دروست بكات و رێگری بكات لە چارەسەركردنی كێشەی مووچە، ئێمە ناوەكەی بۆ خەڵك ئاشكرا دەكەین".

روونیشیكردەوە: "چەند ئەندامێكی عەرەبی لیژنەی دارایی بانگهێشتی هەولێر كراون بۆ ئەوەی بڕوایان پێبهێنرێت كە هەرێم نەوت رادەست نەكات و بودجەی بۆ بێت، بەڵام ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی كە ئەگەر هەرێم رێكنەوێت لەگەڵ بەغدا، ئەوا مووچەی فەرمانبەران حكومەتی عیراق راستەوخۆ دابەشی بكات".

وتیشی: "ئەوەی بوەتە رێگر لەبەردەم ئەو هەوڵەی ئێمە ناشەفافی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمە، كە بارگرانییەكی زۆری بۆ فەرمانبەرانی ئاسایش دروست كردووە".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن