ھاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی: بەردەوامین لە پاڵپشتیكردنی حكوومەتی عێراق

عێراق

21/01/2021     ژمارەی بینراو 248

راچڵەكین-

ھاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژبە داعش پاڵشتی خۆی بۆ ھەوڵەكانی حكوومەتی عێراق بە ئامانجی بەدیھێنانی سەقامگیری و ئاسایش لە عێراق دووپاتكردەوە و رایگەیاند، تیرۆریستان ھەوڵدەدەن زیان بەو كەسانە بگەیەنن كە ھەوڵی ئاشتیی دەدەن.

ھاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق، توێتێكی سەبارەت بەو دوو تەقینەوە خۆكوژییە بڵاویكردەوە كە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە گۆڕەپانی تەیەران ناوەڕاستی بەغدا روویاندا و تیایدا ئاماژە بەوەكراوە:"سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی كەسوكاری ئەو كەسانە دەكەین كە لە تەقینەوەكەی ئەمڕۆی شاری بەغدا بوونەتە قوربانی".

ئاماژە بەوەشكراوە: "تەقینەوە خۆكوژییەكانی ئەمڕۆی شاری بەغدا، نموونەی دیكەی ئەوەیە كە تیرۆریستان ھەوڵدەدەن دۆستانی عێراقییمان بكوژن و، زیانیش بەو كەسانە بگەیەنن كە ھەوڵی ئاشتیی دەدەن".

ھاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژبە داعش رایگەیاندووە، بەردەوامن لە پاڵپشتیكردنی حكوومەتی عێراق  كە ھەوڵی بەدیھێنانی سەقامگیری و ئاسایش لە عێراق دەدات.

پێشتر لیوا تەحسین خەفاجی- وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەكانی عێراق، رایگەیاندبوو، بەپێی دوایین ئامار، ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە ئاكامی دوو تەقینەوە خۆكوژییەكەی گۆڕەپانی تەیەران ناوەڕاستی بەغدا كوژراون، بەرزبووەتە بۆ 40 كەس و ژمارەی قوربانییەكانیش گەیشتووەتە 100 كەس.

تا ئێستا ھیچ لایەنێك بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوە خۆكوژییەكانی بەغدا رانەگەیاندووە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن