مستەفا كازمی چەند بەرپرسێكی ئەمنیی لەسەركار لادەبات

عێراق

21/01/2021     ژمارەی بینراو 232

راچڵەكین –

دوای دوو تەقینەوە تیرۆرییستییەكەی ئەمڕۆی شاری بەغدا، كە دەیان كوژراوو برینداری لێكەوتەوە، مستەفا كازمی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق فەرمانی لەسەركارلابردنی ژمارەیەك فەرماندەی ئەمنیی دەركرد.

ئەمڕۆ 21-1-2021، لەدوای دوو تەقینەوە تیرۆریستییەكەی شاری بەغدا، كە زیاتر لە 30 كوژراوو 110 برینداری لێكەوتەوە، مستەفا كازی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عیراق كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی لەگەڵ فەرماندەكانی دەزگای ئەمنی و هەواڵگریی ئەنجامدا.

بەگوێرەی زانیارییەكان، كازمی لە كۆبوونەوەكەدا فەرمانی لەسەركارلابردنی ئەو بەرپرسە ئەمنییانەی دەركرد، كە بەرپرسیارێتی پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچەیەیان پێ سپێردرابوو كە تەقینەوەكانی تێدا روویدا.

 

فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، هەڕەشەی لەسەر كارلابردنی هەر بەرپرسێكی ئەمنی كردووە كە هێرش و كردەوەی تیرۆریستی لەناوچەی كاركردنیان رووبدات.

لەبارەی هەردوو تەقینەوەكەوە، میدیاكانی عیراق بڵاویانكردەوە، تەقینەوەكان لەلایەن دوو كەسی خۆكوژەوە ئەنجامدراون، كە یەكێكیان لە بازاڕێكی میلـلی لە گۆڕەپانی غەرناتە خۆی تەقیندووەتەوەو ئەوی دیكەش 200 مەتر دوور لەخۆكوژی یەكەم خۆی تەقاندووەتەوەو بەهۆیەوە زیاتر لە 140 كوژراوو برینداری لێكەوتەوە، كە یەكێك لە كوژراوەكان، كوردێكی دانیشتووی شاری دهۆكەو بەمەبەستی فرۆشتنی هەنگوێن سەردانی بەغدای كردبوو.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن