هاوپەیمانی فەتح داوای تۆڵەی تەقینەوەكانی بەغدا دەكات

عێراق

21/01/2021     ژمارەی بینراو 534

راچڵەكین –

هاوپەیمانی فەتح راگەیەندراوێكی توند لەبارەی تەقینەوەكانی ئەمڕۆی شاری بەغدا بڵاودەكاتەوەو داواش لە حكومەت دەكات، لە تۆڵەی قوربانییەكان، فەرمانی لەسێدارەدان بەسەر تیرۆریستییە دەستگیركراوەكان جێبەجێ بكات.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامری، دوو تەقینەوە خۆكوژییەكەی ئەمڕۆی شاری بەغدا، كە زیاتر لە 140 كوژراوو برینداری لێكەوتەوە، لەئەنجامی لاوازی و نەمانی شكۆی دەزگا ئەمنییەكانی عیراق روویداوە، هەروەها بەڵگەیەكی ئاشكرای هەبوونی كەموكورتییە لە دەزگای هەواڵگری و بێ ئەزموونی لە چاودێریكردنی شانە تیرۆریستییەكانە.

فەتح داوای لە دەزگای ئەمنییەكان و حكومەتی عیراق كردووە، لە تۆڵەی خوێنی بەناحەق رژاوی ئەو هاووڵاتییانەی لە دوو تەقینەوەكەی ئەمڕۆی شاری بەغدا بوونە قوربانی و وەك سەرەخۆشییەك بۆ كەسوكاریان، سزای لەسێدارەدان بەسەر هەموو ئەو تیرۆریستانەدا جێبەجێ بكرێت، كە ئێستا بە تاوانی تیرۆر لە گرتوخانەكانی عیراقدا زیندانی كراون.

ئەمڕۆ 21-1-2021، دوو تەقینەوەی یەك لەدوای یەكی خۆكوژی لە بازاڕێكی میلـلی شاری بەغدا روویانداو بەهۆیەوە زیاتر لە 140 كوژراوو برینداری لێكەوتەوە، كە یەكێك لە كوژراوەكان، كوردێكی دانیشتووی شاری دهۆكەو بەمەبەستی فرۆشتنی هەنگوێن سەردانی بەغدای كردبوو.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن