هەرێم دەستی یارمەتی بۆ بەغدا درێژ دەكات

کوردستان

21/01/2021     ژمارەی بینراو 406

دەرگای نەخۆشخانەكانی هەرێم بەڕووی بریندارانی تەقینەوەكانی بەغدا دەكرێنەوە

راچڵەكین –

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم ئامادەیی خۆی بۆ هاوكاریكردنی بەغدا نیشاندەدات و بڕیاریش دەدات دەرگای نەخۆشخانەكانی بەڕووی بریندارەكانی دوو تەقینەوەكەی ئەمڕۆی ئەو شارە بكاتەوە.

وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، نەخۆشخانەكانی هەرێم ڕاسپێردراون و ئامادەن پێشوازی لە بریندارانی تەقینەوەكانی ئەمڕۆی بەغدا بكەن و چارەسەری پێویستیان بكەن.

راگەیەندراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی لە پەیوەندیەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ د. حەسەن ئەلتەمیمی وەزیری تەندروستی عیراق، پێی ڕاگەیاند كە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ هەر هاوكارییەكی پێویست و سەرجەم نەخۆشخانەكان ئامادەن بۆ پێشوازیكردنی برینداران و چارەسەركردنیان.

ئەمڕۆ 21-1-2021، دوو تەقینەوەی یەك لەدوای یەكی خۆكوژی لە بازاڕێكی میلـلی شاری بەغدا روویانداو بەهۆیەوە زیاتر لە 30 كوژراوو 110 برینداری لێكەوتەوە، كە یەكێك لە كوژراوەكان، كوردێكی دانیشتووی شاری دهۆكەو بەمەبەستی فرۆشتنی هەنگوێن سەردانی بەغدای كردبوو.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن