سیستانی پەیامێكی بەپەلە ئاراستەی هێزە ئەمنییەكانی عیراق دەكات

عێراق

21/01/2021     ژمارەی بینراو 282

عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی باڵای شیعە

راچڵەكین –

عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی باڵای شیعە، تەقینەوە خۆكوژییەكانی ئەمڕۆی شاری بەغدا دەخاتە ئەستۆی تیرۆریستان، داواش لە هێزە ئەمنییەكانی عیراق دەكات هەوڵی زیاتر بدەن بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتیان و بەرقەراركردنی ئاسیش و سەقامگیری لە وڵاتدا.

نوسینگەی سەید عەلی سیستانی لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ 21-1-2021 لەكاردانەوەی دوو تەقینەوە خۆكوژییەكەی بەغدا بڵاویكردەوە، بەرپرسیارێتی هەردوو تەقینەوەكەی خستە ئەستۆی گروپە تیرۆریستییەكان كە هاووڵاتیانی مەدەنییان كردە ئامانج و بەهۆیەوە زیاتر لە 140 كوژراوو برینداری لێكەوتەوە.

سیستانی وێڕای سەرەخۆشیكردن لە كەسوكاری قوربانییەكان، داواشی لە هێزە ئەمنییەكان كرد تواناكانیان چڕبكەنەوەو هەوڵی زیاتریش بدەن بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتیان و بەرقەراركردنی ئاسیش و سەقامگیری لە وڵاتدا.

عەلی سیستانی راشیگەیاندووە، پێویستە سەرجەم ئەو پیلانانە پووچەڵبكرێنەوە كە دوژمنان دایانڕشتووە بۆ بەئامانجگرتنی گەلی عیراقی چەوساوەو ستەمدیدە.

ئەمڕۆ 21-1-2021، لەناو بازاڕێكی میلـلی شاری بەغدا، دوو تەقینەوەی یەك لەدوای یەكی خۆكوژی روویانداو بەهۆیەوە زیاتر لە 140 كوژراوو برینداری لێكەوتەوە، لەكاردانەوەی ئەو رووداوەش مستەفا كازمی كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی لەگەڵ فەرماندە ئەمنی و هەواڵگرییەكان ئەنجامداو بڕیاریشیدا ئەو بەرپرسە ئەمنییانە لەكارەكانیان دووربخاتەوە كە ئەركی پاراستنی ناوچەی تەقینەوەكانیان پێ سپێردرابوو .

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن