زۆرکردن بە ڕێگای قەڵەمکردن

کشتوکاڵ

31/01/2021     ژمارەی بینراو 665

زۆرکردن بە ڕێگای قەڵەمکردن


ڕاچڵه‌كین-

هەموو زۆربون و زۆر کردنێك مەبەست لێی مانەوەو بەردەوامی جۆریەتە چ مرۆڤ بێت یاخود ئاژەڵ و ڕووەک،ڕووەک بە چەندین ڕێگا زۆر دەکرێت، یەکێک لە ڕێگاکانی زۆرکردنی ڕووەک قەڵەمکردنە، کە ئەمیش(قەدەقەڵەم، ڕەگە قەڵەم،گەڵایە قەلەم)ن.

ئێستا گونجاوترین کاتە بۆ زۆرکردنی رووەکەکان بە ڕێگای قەڵەمکردن،ناسینی بەشەکانی ناوەوەی ڕووەکە جیاوازەکان یارمەتیدەر دەبێت بۆ هەڵبژاردنی سەرکەوتوترین ڕێگا بۆ زیادکردنی ڕووەکەکان.

هەرکاتێک باس لە زۆرکردن بە قەڵەم بکرێ دەبێت هەمیشە شانەی (کامبیۆم ) لەبەرچاو بگیرێت، کامبیۆم بریتیە لە کۆمەڵێ خانەی چالاک لە نێوان دارک و نیاندا لەهەر کاتێ پێویست بکات دەست دەکەن بە دابەشبون،لە هەندێ ڕووەکدا شانەی کامبیۆم زۆر سستە هەر بۆیەش بە قەڵەمکردن زۆرکردنیان قورسە و زۆر درەنگ ڕەگ دروست دەکەن
ئەو هۆکارانەی سەرکەوتنی قەلەمکردن زیاد دەکەن بریتین لە شێی بەرز، ڕوناکی پێویست، هەوا گۆڕکێ و خاکی گونجاو.

زۆربەی ئەو ڕووەکانەی کە بە قەڵەم زیاد دەکرێن ساڵانە لە ناوەڕاستی مانگی دوو بە دواوە کاتێکی زۆر گونجاوە بۆ قەڵەمکردن، بەو مەرجەی بەفرو بەستن نەمابێ، باسی زیادکردنی ڕەگە قەڵەم و گەڵایە قەڵەم ناکەین تەنها باسی قەدە قەڵەم دەکەین.

کورتی و درێژی قەڵەمی گونجاو دەگۆڕێت بە پێی جۆرە جیاوازەکانی ڕووەک، باشترین قەڵەم ئەوەیە کە ٤-٦ گرێی لەسەر بێت و ١-٢ گرێی لەدەرەوە بمێنێتەوەو ئەوەی تری بخرێتە ژێر گڵ، لە گرێیەکانی ژێر گڵەوە ڕەگ دروست دەبێت و لە گرێکانی بەشی سەرەوەش سەوزە بەش دروست دەبێ، لەبەر ئەوەی قەڵەمکردن ڕێگایەکی سەوزە زۆر بونە ئەو ڕووەکەی لە قەڵەمەوە دەستمان دەکەوێ لە هەموو ڕوویەکەوە بزەبت لە دایکانەکەی دەچێت و هیچ گۆڕانێک بەسەر سیفەتە بۆماوەییەکاندا نایەت، باشترین جۆری خاک بۆ قەڵەمکردن تێکەڵەیەکە لە زمیج و پیتمۆس و پێرلایت،بە بڕی یەکسان، دەتوانرێت قەڵەم هانبدرێت بۆ ڕەگکردن بە بەکارهێنانی هۆرمۆنی گونجاو (IAA,IBA) کە بە شێوەی پاودەر و گیراوەش لە نۆرینگە کشتوکاڵیەکان دەست دەکەوێت.

س: گوڵخانه‌ی‌ گه‌ڵا

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن