مووچەی خانەنشینی هێزەکانی ناوخۆ زیاد دەکرێت

کوردستان

21/02/2021     ژمارەی بینراو 3711

راچڵەکین-

سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکان رایگەیاند، سەرقاڵی ئامادەکردنی پرۆژە یاسایەکن بۆ زیادکردنی مووچەی ‌خانەنشینی هێزەکانی ناوخۆ  بەمەرجێک لە ٥٠٠ هەزار کەمتر نەبێت.

شاخەوان رەئوف بەگ، ئەمرۆ یەکشەممە لە لێدوانێکدا بۆ راچڵەکین وتی:" لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ کۆبوونەوەمان کردووە و بڕیارە لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایش کۆبوونەوە ئەنجامبدەین لەسەر ئامادەکردنی پرۆژە یاسایەک جیاوازتر لەوەی کە ئێستا هەیە سەبارەت بە مووچەی ‌‌خانەنشینی هێزەکانی ناوخۆ و ئاسایش".

وتیشی:" دەبێت مووچەی خانەنشینی هێزەکانی ناوخۆ زیاد بکرێت، چونکە ئێستا مووچەکانیان ٢٢٠ هەزار بۆ ٢٤٠ هەزارە کە ئەوەش بڕێکی کەمە لە چاو خزمەتەکانیان، بۆیە بەلامانەوە گرنگە ئەو پرۆژەیە لە داهاتوودا ببێت بە یاسا و تێپەڕێندرێت.

سەرۆکی لیژنەی ناوخۆو  ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان ئاماژەی بەوەشکرد:"بریارە لیژنەی وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجوومەنی ئاسایش دوا کۆبوونەوەی خۆیان لەسەر پرۆژەکە ئەنجامبدەن و دواتر رەوانەی پەرلەمان دەکرێت و ئێمەش لەگەڵ وەزارەتی دارایی و یاسایی لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆ بکەین و چاودێری وردی بابەتەکە دەکەین و هەوڵدەدەین لەم خولەی پەرلەماندا پەسەندی بکەین".

دەشڵێت:" لە پرۆژەکەدا ئێمە کارمان لەسەر ئەوە کردووە دەبێت لانی کەم مووچەی خانەنشینی ئەو ‌هێزانە لە ٥٠٠ هەزار کەمتر نەبێت و هەموو خانەنشینی هێزەکانی ناوخۆ بگرێتەوە بێ جیاوازی واتا ئەوانەشی کە لە رابردوودا خانەنشین بوون".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن