راچڵەكین-
پۆلیسی فریاكەوتنی سلێمانی دوو تۆمەتباری بەناسنامە ئێرانییان دەستگیركرد كەبڕێك پارەی ساختەیان پێبووە و ویستوویانە لەناو بازاڕەكانی شاری سلێمانی ساغی بكەنەوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە:" دوای ئەوەی پۆلیسی سلێمانی زانیاری پێگەیشت لەسەر دوو تۆمەتبار كە پارەی ساختەیان پێیەو دەیانەوێت لەناو بازاڕی شاری سلێمانی ساغی بكەنەوە ، دەستبەجێ مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی فریاكەوتنی سلێمانی لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكردو و گەیشتنە شوێنی مەبەست و توانیان لەناو بازاڕی شاری سلێمانیدا دوو تۆمەتباری بەناسنامە ئێرانی دەستگیربكەن كە زیاتر لە حەوت ملیۆن دیناری پەنجا هەزاری ساختەیان پێبووە لەگەڵ چەكێكی بانكی 10 ملیۆن تمەنی. "
ئەوەش روونكراوەتەوە:" لەئێستادا هەردوو تۆمەتبار ( س، س) لەدایكبووی 1994 و ( ب، م) لەدایكبووی 1990 بەبڕیاری بەڕێز دادوەر راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە."