فەرمانڕەوای دوبەی چارەسەری (لاڤین جەبار ئیبراهیم) لەئەستۆ دەگرێت

هەمەڕەنگ

23/02/2021     ژمارەی بینراو 1099

راچڵەكین-

محەمەد بن راشد ئال مەكتوم-فەرمانڕەوای (دوبەی)ی و جێگری سەرۆكوەزیرانی ئیمارات، تێچووی چارەسەری منداڵێكی عیراقی بەناوی ( لاڤین ئیبراهیم جەبار) لەئەستۆ دەگرێت كە تێچووەكەی دەگاتە زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلار.

لاڤین ئیبراهیم، منداڵێكی تەمەن 19 مانگی عیراقیە، بەدەست نەخۆشییەكی دەگمەن بەناوی Spinal Muscular Atrophy -S.M.A، دەناڵێنت كە نەخۆشییەكە تووشی دڕكە پەتكی منداڵان دەبێت و ئەگەر پێش تەمەنی دوو ساڵی چارەسەر نەكرێت ئەو كات چارەسەرەكەی ئەستەم دەبێت.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی بڵاوكراونەتەوە، چارەسەرەكە پێكدێت لەیەك پێكوتە كە نرخەكەی دەگاتە 2.1 ملیۆن دۆلارو  بەگرانترین دەرمان دادەنرێت لەجیهاندا.

لەئێستاشدا خێزانی (لاڤین) روویان لەنەخۆشخانەی جەلیلە كردووە لە ئەمارەتی دوبەی و چاوەڕێ دەكەن دوای ئەنجامدانی پشكنینی پزیشكی كچەكەیان پێكوتەكە وەربگرێت.

محەمەد عەوەزی- بەڕێوەبەری جێبەجێكار لە نەخۆشخانەی جەلیلە-ی تایبەت بەمنداڵان بەمیدیاكانی ئیماراتی راگەیاندووە، لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا ( لاڤین) چارەسەری پێویست وەردەگرێت.

پێشتر ( مەسار مونزر)ی دایكی لاڤین لەڕێی تۆمارێكی ڤیدیۆییەوە داوای لە فەرمانڕەوای دوبەی كردبوو بەهانایانەوە بچێت و منداڵەكەیان لەو نەخۆشییە دەگمەنە رزگار بكات كە پێیەوە دەناڵێنێت.

مەسار، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەكانی ئیمارات ئاماژەی بەوەكردووە، تووشی شۆك بوون  كاتێك لەماوەیەكی كورتدا فەرمانڕەوای دوبەی وەڵامی داواكارییەكەی داوەتەوەو تێچووی چارەسەری كچەكەی لەئەستۆگرتووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن