ژنە پەرلەمانتارێك سووكایەتی بە كارمەندانی تەندروستی دەكات

عێراق

26/02/2021     ژمارەی بینراو 401

راچڵەكین –

لەسەر سووكایەتیكردن بە كارمەندانی تەندروستی، سكاڵا لەسەر ژنە پەرلەمانتارێكی عیراق تۆماردەكرێت، بەڕێوەبەری تەندروستی كەرخ لە شاری بەغدا رایدەگەیەنێت، داوا لەو پەرلەمانتارە كراوە دەمامك ببەستێت، ئەویش لە وەڵامدا پێی وتوون: من لەسەروو یاساوەم.

دكتۆر جاسم حیجامی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی كەرخ، لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكردووە، دوای ئەوەی تیمێكی تەندروستیی تاجی داوایان لە ژنە پەرلەمانتارێكی عیراق كردووە دەمامك ببەستێت و پابەندی رێكارە تەندروستییەكان ببێت، پەرلەمانتارەكە بە شێوازێكی ناشیرین رەفتاری لەگەڵ كردوون و سووكایەتییەكی زۆریشی پێیان كردووە.
 
بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی كەرخ ئاماژەی بەوەشكردووە، ژنە پەرلەمانتارەكە، كە ناوی ئاشكرا نەكردووە، بە تیمە پزیشكییەكەی وتووە: من پەرلەمانتارم و لەسەروو یاساوەم، ئێوە بۆتان نییە لەسەر نەبەستنی دەمامك لێپێچینەوەم لەگەڵ بكەن.

دكتۆر جاسم حیجامی، لە راگەیەندراوەكەیدا داوای لەهەموو لایەك كردووە، رێز لە خەبات و ماندوبوونی پزیشك و كارمەندانی تەندروستی بگرن و پابەندی رێنماییەكانی تەندروستیش ببن، چونكە لە بەرژەوەندی هەموو لایەكە.

بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی كەرخ بڕیاریشیداوە سكاڵای یاسایی لەسەر ئەو ژنە پەرلەمانتارە تۆمار بكات و لەرێگەی یاساوە ماف بۆ تیمە پزیشكییەكە بگەڕێنێتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن