قوباد تاڵەبانی پەیامێكی بەپەلە ئاراستەی دەزگا ئەمنییەكان دەكات

کوردستان

26/02/2021     ژمارەی بینراو 572

راچڵەكین –

لەكاردانەوەی هێرشكردنەسەر غالب محەمەد و برینداركردنی، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەزگا ئەمنییەكان رادەسپێرێت لێكۆڵینەوەی وورد لە رووداوەكە بكەن و هێرشبەرانیش رووبەڕووی یاسا بكەنەوە، دەشڵێت: ئەو كارە ترسنۆكانەیە لە هیچ كەسێك قبوڵ ناكرێت.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر پەیتمێكی بڵاوكردەوەو تێیدا ئیدانەی هێرشكردنە سەر پەرلەمانتار غالب محەمەدی كردووەو دەزگا ئەمنییەكانیشی راسپارد لێكۆڵینەوەی وورد لە رووداوەكە بكەن و هێرشبەران رووبەڕووی یاسا بكەنەوە.

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیشدا لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارەی عیراق، دڵنیایی كردەوە ئەو كارە ترسنۆكانەیە لە هیچ كەسێك قبوڵ ناكرێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، غالب محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەبەردەم ماڵەكەی خۆی لەسلێمانی، لەلایەن كەسێكی نەناسراوەوە بەچەقۆ هێرشیكرایەسەر و چوار چەقۆی لێدا، دوای رەوانەكردنی بۆ نەخۆشخانەی شار و وەرگرتنی چارەسەری پێویست، ئێستا تەندروستی جێگیرە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن