راگەیەندراوێكی توند لەدژی هێرشكردنەسەر غالب محەمەد بڵاودەكرێتەوە

کوردستان

26/02/2021     ژمارەی بینراو 436

راچڵەكین – 

هاوپەیمانی هیوای كوردستانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، راگەیەندراوێكی توند لەبارەی هێرشكردنەسەر پەرلەمانتار غالب محەمەد بڵاودەكاتەوەو داواش لە دەزگا ئەمنییەكانی هەرێم دەكات  بەزووترین كات لێكۆڵینەوەی جدی لەرووداوەكە بكەن و ئەو دەستە رەشە و دەستەكانی تری پشتی بدۆزنەوە تا دواتر لەرێگەی دادگاوە بە سزای عادیلانەی خۆیان بگەن.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە،" لەپێشهاتێكی چاوەڕوانكراودا، ئێوارەی ئەمڕۆ هاوڕێمان (د.غالب محەمەد) ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەلایەن دەستێكی رەشەوە بە چەقۆ پەلاماردرا، ئەمەش لەكاتێكدا كە پێشتر دامەزراوە ئەمنییەكان لەئاستی هەرێم و عیراق ئاگاداركرابوونەوە كە بەهۆی را و رەخنەكانی لەدەسەڵاتدارانی هەرێم، هەڕەشەی لێكراوە".

هاوپەیمانی هیوای كوردستانی، هێرشكردنە سەر ئەو پەرلەمانتارەی بە كردەوەیەكی "نامەردانە" وەسفكردووەو داواشی لە دامەزراوە ئەمنییەكانی هەرێم كردووە، بەزووترین كات لێكۆڵینەوەی جددی لە رووداوەكە بكەن و ئەو دەستە رەشە و دەستەكانی تری پشتی بدۆزنەوە، تا دواتر لەڕێگەی دادگاوە بە سزای عادیلانەی خۆیان بگەن.

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، غالب محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەبەردەم ماڵەكەی خۆی لەشاری سلێمانی، لەلایەن كەسێكی نەناسراوەوە بەچەقۆ هێرشیكرایەسەر و چوار چەقۆی لێدرا، دوای رەوانەكردنیشی بۆ نەخۆشخانەی شار و وەرگرتنی چارەسەری پێویست، ئێستا تەندروستی جێگیرەو نەخۆشخانەی جێهێشت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن