مەسرور بارزانی بەڵێنێك بە هاووڵاتیانی هەرێم دەدات

کوردستان

02/03/2021     ژمارەی بینراو 1433

راچڵەكین –

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامێك لەبارەی گەیشتنی یەكەم كاروانی ڤاكسینی كۆڕۆنا بڵاودەكاتەوەو وێڕای سوپاسكردنی حكومەتی چین بە بەخشینی ڤاكسینە بەخۆڕایی بە هەرێمی كوردستان، راشیدەگەیەنێت: دەبێت ڤاكسین بۆ زیاتر لە 6 ملیۆن هاووڵاتی هەرێم دابین بكەین.

مەسرور بارزانی لە پەیامەكەیدا داواشی لە هاووڵاتیان كردووە، لە ڕێگەی پابەندبوون بە ڕێنماییەكانی تەندروستی و ڕێكارەكانی خۆپارێزی، هاوكار و یارمەتیدەر بن لە ئاساییكردنەوەی دۆخەكەو تێپەڕاندنی ڤایرۆسەكە.

دەقی پەیامەكە:

خۆشحاڵم بە گەیشتنی یەكەم كاروانی ڤاكسینی دژ بە ڤایرۆسی كۆڕۆنا (COVID-19 ) بۆ هەرێمی كوردستان، كە لە لایەن وڵاتی چینەوە بەخشراوە.
سوپاسی كۆماری چین دەكەین بۆ ئەم هاوكارییە مرۆییە، كە هەنگاوێكی گرنگە بۆ  هەوڵەكانی بەرەنگاربوونەوەمان دژ بە ڤایرۆسەكە و پاراستنی پزیشكان و كارمەندانی هێڵی پێشەوه. 

پاش پەسەندكردنی پلانی دابەشكردن، ڤاكسینەكان بۆ سەنتەرەكانی دیاریكراو لە هەموو پارێزگاكان، دابین دەكرێت تاكو بدرێ بەو گرووپانەی لە هێڵی پێشەوەن و مەترسییان لەسەرە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ، كار دەكات بۆ بەدەستهێنانی ڤاكسین و دڵنیابوون لە دابینكردنی بەشی هەرێم لەو بڕە ڤاكسینەی بە حكومەتی فیدراڵ دەدرێت، ئێمە لەگەڵ كۆمپانیا پێشەنگەكانی بەرهەمهێنانی ڤاكسین، ڕاستەوخۆ لە پەیوەندیداین بۆ بەدەستهێنانی ڤاكسینی زیاتر بۆ هەرێمی كوردستان. من  بەجیددی كار لە سەر ئەم بابەتە دەكەم و بەدواداچوون دەكەم بۆ دڵنیابوون لەوەی، هەر كوردستانییەك بە زووترین كات ڤاكسینی پێ بگات.

بێگومان ئەمە كارێكی ئاسان نابێت، بەڵام دەبێت ڤاكسین بۆ زیاتر لە 6 ملیۆن هاووڵاتی هەرێم دابین بكەین، حكومەتی هەرێمی كوردستان ، ئێستا كار لە سەر ئەنجامدانی بەرنامەیەكی كوتانی گشتگیر بۆ دانیشتووانی هەرێم دەكات، كە تیمی تەندروستی و كارمەندانی هێڵی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا و كارمەندانی دەزگا ئەمنییەكان و كەسانی بەتەمەن و ئەوانەی مەترسیی تووشبوونیان هەیە دەگرێتەوە. پاشان كوتانی زۆرترین ڕێژەی هاووڵاتیان بەپێی تەمەن و ڕێنماییە دیاریكراوەكان دەست پێ دەكات . هیوادارین دوای ئەم قۆناغە، بتوانین بگەڕێینەوە سەر ژیان و گوزەرانی خۆمان و دۆخی ئابووریش گەشە بكاتەوە.

من دڵنیام دەتوانین باردۆخەكە ئاسایی بكەینەوە، بەڵام بێگومان حكومەتی هەرێمی كوردستان ناتوانێت بە تەنیا ئەمە بكات، بۆیە دەبێت هاووڵاتییان بەگشتی، هاوكار و یارمەتیدەر بن و ڕۆڵی خۆیان لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا بگێڕن . ئەمەش لە ڕێگەی پابەندبوون بە ڕێنماییەكانی تەندروستی و ڕێكارەكانی خۆپارێزی كە لە پێناو پاراستنی كۆمەڵگەیە بە گشتی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن