راچڵەکین-
پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، پێنج کەسیان بە تۆمەتی دزینی ماتۆڕسکیل دەستگیرکردووە کە هەڵیانوەشاندووەتەوە و بە پارچە لە بازاڕ ساغیان کردووەتەوە.
بەڕێوەیەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین راگەیاندن و پەیوەندییەکان بڵاویکردووەتەوە، لەسەر سکاڵای هاووڵاتییان دوای بەدەستهێنانی زانیاری و بەدواداچونی ورد، نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی پشدەر (مکافحە) 5 کەسی دەستگیر کرد کە هەستاون بە دزینی ماتۆڕسکیل.
پۆلیس دەشڵێت:" ئەو پێنج کەسە دوانیان بەیەکەوە بوون بە هاوکاری بنکەی پۆلیسی باسرمە سەر بە قەزای شەقڵاوە دەستگیر کراون، سێ کەسەکەی دیکە لەکات و ساتی جیاوازدا دەستگیر کراون کە سەرجەمیان هەستاون بە دزیکردن، ئەو دوو کەسەشی بە جیا دەستگیر کراون دانیان ناوە بە تاوانەکەیان و بەوتەی خۆیان کاتێک ماتۆڕسکیلیان دزیووە هەڵیانوەشاندووە و بە پارچە لە بازاڕ ساغیان کردووەتەوە".
دوو ماتۆڕسکیل دەستیان بەسەردا گیراوە و سەرجەمیان بە بڕیاری دادوەر و بە ماددەی 446 لە یاسایی سزادانی عێراقی بەند کراون، دۆسیەی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕێکخراوە و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە.