چۆن لە دایکێکی تووڕە و کەم تەحەمولەوە دەبیتە دایکێکی پڕ وزە و ئارامی؟

کەلتوور

28/03/2021     ژمارەی بینراو 417

چۆن لە دایکێکی تووڕە و کەم تەحەمولەوە دەبیتە دایکێکی پڕ وزە و ئارامی؟


ڕاچڵه‌كین-

کۆمەڵگە هەمیشە لەڕێی شیعر و شانامە و پەیامە کۆمەڵایەتیەکانەوە کار لەسەر هاندانی دایکان دەکات تاکو زیاتر و زیاتر خۆیان فیدا بکەن.

دەبێت ئەو ڕاستییە بزانرێت کە ئەو پەیامانەی کۆمەڵگە دەیدات بە دایکان کاریگەریی نەرێنی زۆر دادەنێت لەسەر تواناکانیان، هەر لە ئەداکردنی ئەرکی دایکایەتییەوە بیگرە تاکو بەکارهێنانی ئەو خەڵاتانەی کردگار لە پێکهاتەیاندا دایناوە.

چونکە بەردەوام پێی دەوترێت کە تۆ دەبێت زیاتر و زیاتر خۆت بکەیتە قوربانیی منداڵەکانت.. دەبێ بۆ خۆت نەژیت چونکە ئەمە مانای وایە تۆ خۆپەرستیت.. کە بوی بە دایک پێویستە هەموو خۆشییەکان و ژیانی کەسیی خۆت لەپێناو ئەواندا ببەخشیت.. عەیبە چۆن ئەبێت ئەمە بکەیت تۆ دایکیت! کات بۆ خۆ تەرخانکردن چیە؟ تۆ ئەبێت بۆ منداڵەکانت بژییت! ئەبێت منداڵەکانت گوڵ مواسەفات بن و ماڵەکەشت تا ئەوپەڕی ڕێکوپێک بێت و لە هەمان کاتیشدا میواندۆستێکی عەجیب بیت.

واتە هەتا زیاتر بە خەمخۆر بناسرێیت و لە خۆ لەبیرکردندا لە ڕیزی پێشەوە بی، لە دیدی دەوروبەر ئەوەندە زیاتر دایکێکی "نموونەییت"! 

هەمان ئەو زیهنیەتەی کە ستاییشی ئەو شێوازە لە دایکایەتی دەکات لە هەمان کاتیشدا لێشت دەخوێنلت کە بۆچی خۆت کوشتوە و دنیا کوا ئەوە ئەهێنێت و منداڵ بێوەفایە و هەرچی بۆ بکەی پێی نازانێت!

هەموو ئەمانە لە لاشعوری زۆرێک لە دایکاندا کار دەکات و ژیانیان ئاڕاستە دەکات. ئەوجا گلەییش دەکرێت و دەوترێ دایکانی ئەم سەردەمە زۆر تووڕەن!
ئەمانە چ پەیام گەلێکی ژەهراوین کە وا دەکات ژنان باجی بوون بە دایک لەسەر حسابی تاکێتی و خەونەکانیان بدەن!

ئاخر پێم ناڵێن دایکێک کە بنکڕە-وزەشی تیانەماوە و بەس خەریکی ڕاکەڕاک و پێڕاگەیشتنە و شتێک نازانێت بەناوی کات بۆ خۆ تەرخانکردن، گرنگیدان بەخۆی و بەرەو پێشبردنی تواناکانی، دایكێک کە خەمخواردن بە سیمبولی دڵسۆزی دەزانێت، چۆن بتوانێت بەشی لۆژیکی مێشکی بەکار بهێنێت و منداڵانێک پەروەردە بکات کە دڵخۆشن بە ژیان.. ناترسن لە هەوڵدان و چێژ وەردەگرن لە هاوڕێیەتی دایک و باوکیان؟!

دایكێك بەو هەموو ماندوێتیەوە ژیان بکات چۆن بتوانێت بەرهەمدار بێت؟ چۆن بتوانێت چێژ وەربگرێت لە یاری کردن و تەماشکردنی منداڵەکانی؟ چۆن بتوانێت دایکێکی هێمن بێت و توڕە نەبێت لەکاتێکدا خۆی هیچ شەحنی پێنەماوە؟!..

ئەم دایکە ماندوو و شەکەتانە بەردەوام هەستی خەتاباری یەخەی گرتون. هیچ کات هەست ناکەن وەک پێویست دایکێکی باش بن. وەختێکیش لە منداڵەکانیان تووڕە دەبن خۆیان وەک ستەمکارێک دێتە بەرچاو. پشکی گەورەی ئەم هەڵچوونە دەروونیانەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بەشی خۆیان وزەیان پێنەماوە ئیتر لەکوێ بەشی بەرگەگرتنی داواکاری و بەزمی مناڵەکانیان پێ بمێنێت!

باشترین وانە کە دایکان فێری ببن ئەوەیە بزانن چ قەناعەتێکی کۆمەڵگەیە زاڵ بوە بەسەریاندا و بۆچی ئەوەندە خۆیان دەپڕوکێنن لە کاتێکدا ئەگەر پشوو بدەن و کاتی زیاتر بە خۆیان ببەخشن دەبینن منداڵەکانیان هێمنتر و خۆشیان بەرهەمدارتر دەبن و چیژێکی زیاتر لە دایکایەتی وەردەگرن.

بەداخەوە هەندێکجار پسپۆڕانیش بێ بەزەییانە دادەبەزنە سەر دایکان و قەناعەتە پەکخەرە کۆمەڵایەتییەکان ئەوەندەی تر تۆخ دەکەنەوە.

ئەمە لەکاتێکدا توێژینەوەکان جەخت لەوە دەکەنەوە هەتاکو دایکان متمانە بەخۆبونیان بۆ دروست نەبێت و ڕێز لە خۆیان و تواناکانیان نەگرن ناتوانن ببنە ئەو سەرچاوە بێهاوتایەی کە ژیانەوە و جوانی پەخش دەکات و نەوەی دڵخۆش و سەرکەوتوو بەرهەم دەهێنێت.

لەم ڕوانگەیەوە، ئەو کتێبانەی لەسەر پەروەردەی منداڵ دەیانخوێنیتەوە، یان ئەو پسپۆڕانەی گوێیان لێدەگریت ئەگەر زیاتر هەستی خەتاباریت تێدا دروست دەکەن و ئەو هەستەت نادەنێ کە شانازی بەخۆتەوە بکەیت کە تۆ چەندە دایکێکی ناوازە و باشیت ئەوا دڵنیابە زیان بە مناڵەکانت دەگەیەنیت نەک سوود. چونکە منداڵان دایکێکیان پێویستە کە متمانەی بەخۆی هەبێت و خۆی پێ باشترین دایکی دنیا بێت. 

منداڵان دایکێکیان دەوێت شانازی بەخۆیەوە بکات و لە غەیری چێشت لێنان و ئەرکەکانی ڕۆژانە گرنگی بە خۆی و تواناکانی بدات. منداڵان ناتوانن مانای جوان لە ژیان دەربهێنن ئەگەر دایکیان تەنها بە بنکڕەوزە و بەوەی لێی ماوەتەوە دایکایەتی بکات.


ئا:شیاو نەوڕۆڵی
ماستەر لە ڕاوێژ و پەروەردەی خێزانی

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن