رۆحانی: لە دوو پارێزگای ئێران شەپۆلی چوارەمی كۆرۆنا دەستیپێكردوە

جیهان

03/04/2021     ژمارەی بینراو 404

راچڵەكین-

سەركۆماری ئێران، هۆشداری ئەوەی دایە هاوڵاتیانی وڵاتەكەی كە لە دوو پارێزگا شەپۆلی چوارەمی كۆرۆنا دەستیپێكردوە.

حەسەن رۆحانی، لەمیانی بەشداری كردنی لە كۆبوونەوەی دەزگای نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، باسی لە رەوشی بڵاوبوونەوەی پەتاكە كرد.

سەركۆماری ئێران، ئەوەی ئاشكرا كرد، لە دوو پارێزگای وڵاتەكەی شەپۆلی چوارەمی كۆرۆنا دەستیپێكردوە و ئەگەر هاوڵاتیان پابەندی رێنماییەكانی خۆپارێزی نەبن ئەوا پەتاكە دەگوێزێتەوە بۆ پارێزگاكانی دیكەش، وتیشی: "رەنگە بازاڕ كردن و گەشت كردنەكانی كاتی نەورۆز تووشی كێشەمان بكات. جۆرە نوێكەی كۆرۆنای گۆڕاو كە لە بەڕیتانیا، بەڕازیل و ئەفریقای باشوور بڵاوبووەتەوە لە جۆرەكەی پێشوو مەترسیدارترە".

دەربارەی نوێژی بەكۆمەڵیش رۆحانی، ئەوەی ئاشكرا كرد، لە ناوچە سوور و پرتەقاڵییەكاندا ئەنجامدانی نوێژی بەكۆمەڵ و چالاكییە جەماوەرییەكان قەدەغەیە بەڵام لە ناوچە زەرد و شینەكاندا بە لەبەرچاوگرتنی رێوشوێنەكانی خۆپارێزی رێگەیان پێدەدرێت.

هەرچەندە سەركۆماری ئێران ناوی ئەو دوو پارێزگایەی ئاشكرا نەكرد كە شەپۆلی چوارەمی كۆرۆنا-یان تیادا بڵاوبووەتەوە بەڵام بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی لە راگەیاندنەكاندا بڵاو كراونەتەوە ئەوە دوو پارێزگایە ئیلام و ئەلبورز-ن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن