بەرپرسێكی باڵای حزبی كورد بە كۆرۆنا گیانی لەدەستدا

کوردستان

10/04/2021     ژمارەی بینراو 2219

راچڵەكین-

ئەندامێكی هەیئەتی ئیجرایی ناوەندی سیاسی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، پاش مانگێك لەتووشبوونی بەكۆرۆنا، گیانی لەدەستدا.

حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لەراگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، ئەمڕۆ شەممە لوقمان مێهفەر، ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ناوەندی سیاسیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، پاش مانگێك لە بەربەرەكانی لەگەڵ نەخۆشیی كۆرۆنا، گیانی لەدەستدا.

راگەیەندراوەكە باسی لەوەش كردووە، كە ئەو بەرپرسە، لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی شاری هەولێر كۆچی دوایی كردووە:"لە دەستچوونی ئەم تێكۆشەرە تەنیا زیانێكی نوێ بۆ حزبەكەمان نەبوو، بەڵكو زامێكی تازەیە كە كەوتووەتە سەر جەستەی بزووتنەوەی كورد لە كوردستانی رۆژهەڵات."

دەقی راگەیەندراوەكە:

ڕاگەیەندراوی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بەبۆنەی شەهیدبوونی هاوڕێی تێكۆشەر كاك لوقمان مێهفەر

هاونیشتمانیانی بەڕێز

دڵسۆزان و ئۆگرانی خەباتی ڕزگاریخوازانەی كورد لە كوردستانی ڕۆژهەڵات

لایەنگران، ئەندامان، كادر و پێشمەرگەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران

بەوپەڕی داخ و پەژارەوە ڕادەگەیەنین كە هاوڕێی ماندوونەناس و دڵسۆز و تێكۆشەری حیزبەكەمان، حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران كاك لوقمان مێهفەر ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ناوەندی سیاسی پاش مانگێك بەربەرەكانی لەگەڵ نەخۆشی كۆڕۆنا، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە 21ی خاكەلێوەی 1400ی هەتاوی بەرانبەر بە 10ی ئاوریلی 2021ی زایینی لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی شاری هەولێر كۆچی دوایی كرد و هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی لەگەڵ خەمێكی قووڵ و حیزبەكەمانی لەگەڵ خەسارێكی نوێ بەرەوڕوو كرد و درێژەی خەبات و خۆڕاگری بە هاوڕێ و هاوسەنگەرانی ئەسپارد. لەدەست چوونی ئەم تێكۆشەرە تەنیا خەسارێكی نوێ بۆ حیزبەكەمان نەبوو بەڵكوو زامێكی تازەیە كە كەوتۆتە سەر جەستەی بزووتنەوەی كورد لە كوردستانی ڕۆژهەڵات.

شەهید كاك لوقمان مێهفەر كوڕی خورشید ساڵی 1343ی هەتاوی لە ئاوایی مەلا عیسا لە ناوچەی دەشتەبێڵی شنۆ لەدایك بووە. لەتەمەنی مێرمنداڵیدا ئۆگری بە بزووتنەوەی كوردستانەوە گرت و لەپێناو ئازادی كورد و ڕزگاری كوردستاندا ساڵی 1358ی هەتاوی لە یەكیەتیی لاوانی دێموكرات و دواتر لە ڕیزی تێكۆشەرانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێراندا جێی گرت و تا دواهەناسەكانی ژیانی لە هەوڵ و تێكۆشان و بەڕێوەبردنی ئەركی نەتەوەیی و نیشتمانی كورد و حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێراندا بەردەوام و شوێندانەر بوو.

هاوڕێی لەدەست چوومان كاك لوقمان مێهفەر لەڕەوتی تێكۆشان لە ڕیزەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرا دا چەندین بەرپرسایەتیی لە ئەستۆ بووە كە لە هەموو ئەو بەرپرسایەتییانەدا بەوپەڕی دڵسۆزی و فیداكارییەوە تێكۆشاوە و لێهاتوویی خۆی نیشان داوە.

شەهیدی نوێمان كاك لوقمان لە كۆنگرەكانی 9، 11 و 12 دا وەك ئەندامی جێگری كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوە و لە كۆنگرەكانی 10، 13، 14 و 15دا وەك ئەندامی ئەسڵی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا.

هاوڕێی لەدەست چوومان لە رێبەرایەتی حیزب و لە رەوتی تێكۆشانیدا چەند بەرپرسیارەتی بەرچاوی لە ئەستۆ بووە وەك:

بەرپرسی كومیسیۆنی كۆمەڵایەتی، جێگری بەرپرسی كومیسیۆنی سیاسی- نیزامی، بەرپرسی كومیسیۆنی ڕادیۆ، بەرپرسی ناوەندی 2ی كوردستان و لە كۆنگرەی 16ی حیزبدا وەك ئەندامی ناوەندی سیاسیی هەڵبژێردرا و دوایین بەرپرسایەتیی ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ناوەندی سیاسی بوو.

شەهید لوقمان هەر لە پەنا كار و تێكۆشانی حیزبیدا درێژەی بە خوێندن دا و لە زانكۆی سەلاحەدین لە شاری هەولێر لیسانسی حقووقی وەرگرت و بوو بە پارێزەر بە پلەی ڕاوێژكاری. شەهید لوقمان كەسایەتییەكی ناسراو و خاوەنی كۆمەڵێك تایبەتمەندی بەرزی ئینسانی بوو؛ لە تێكۆشاندا جیددی لە كاردا ماندوویی نەناس و لە كۆمەڵدا ئۆگری پێوەندی گەرم لەگەڵ خزمان، دۆستان و هاوڕێیانی بوو؛ باوەڕی قووڵی بە ڕێبازی حیزب و ئازادی كورد و كوردستان هەبوو، هەربۆیەش لای هەمووان خۆشەویست و جێگای ڕێز بوو.

ناوەندی سیاسی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە بۆنەی ئەم خەسارە تازەوە وێڕای دەربڕینی ئەوپەڕی داخ و پەژارەی خۆی، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێز هاوڕێی شەهیدمان كاك لوقمان مێهفەر، هەموو خزم و دۆست و ئاشنایان، ئەندامانی ڕێبەرایەتی حیزب و گشت لایەنگران، ئەندامان و كادر و پێشمەرگەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بەتایبەتی دەكا و داوای سەبوری بۆ هەموو خەمهەڵگرتووەكانی ئەم خەسارە تازەیە دەكا.

ڕۆحی هاوڕێی شەهیدمان شاد و ڕێبازی پڕ ڕێبوار و ئاواتەكانی بێنەدی

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران

ناوەندی سیاسی

21ی خاكەلێوەی 1400ی هەتاوی بەرانبەر بە 10ی ئاوریلی 2021ی زایینی

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن