نیشانه‌كانی توشبوون به‌ كۆرۆنای درێژخایه‌ن

تەندروستی

13/04/2021     ژمارەی بینراو 482

نیشانه‌كانی توشبوون به‌ كۆرۆنای درێژخایه‌ن

ڕاچڵه‌كین-

لە ھەفتەی ڕابردوو کۆمەلێک لێکۆلینەوەو ھەوال، کە باسی کۆرۆنای درێژخایەنیان دەکرد لاپەڕەكانی ڕۆژنامەکانی بەریتانیای داپۆشی، ئەو ئامارانەی ئەو لێكۆڵینەوانە بڵاویانكردەوە، ئەوە دەردەخەن، پتر لە یەك ملیۆن کەس لە بەریتانیا، كە بەشێکی زۆریان کارمەندانی تەندرووستین، دوای چاکبوونە لە پەتای کۆڕۆنا دووچاری کۆمەلێک کێشەی تربووینە . لە ئێستادا بەشێک لەنەخۆشخانەکانی بەریتانیا رێکاری گونجاویان گرتۆتەبەر بۆ چۆنیەتی مامەلەکردن لەگەل ئەو نەخۆشانە و کلینیکی تایبەتیان بۆ دامەزراندون. پێشبینی دەکرێت لەداھاتوو کۆرۆنای درێژخایەن تەوژمێکی زۆر بخاتە سەر نەخۆشخانەکان و ناوەندە تەندرووستیەکان. بەشێوەیەکی گشتی دەتوانین کۆرۆنای درێژخایەن لەم چەند خالەدا كورتبكەینەوە:

1-وەک ھەمیشە باسمان کردووە، زۆربەی ئەو کەسانەی تووشی ئەو پەتایە دەبن بە سووکی دەیگرن ، واتە تووشی ھەوکردنی سیەکان نابن و پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە نابێت. تێبینی کراوە جگە لەو کەسانەی بە توندی تووشی پەتاکە دەبن، بەشێک لەو نەخۆشانەی کە بە سووکیش تووشی ڤایرۆسەکە دەبن دوای چاكبوونەوەیان گیرۆدەی کۆمەلێک کێشە دەبن.

2-کۆرۆنای درێژخایەن کۆمەلێک نیشانە لەخۆ دەگرێت، ھەندێک لە نەخۆشەکان کۆمەلێک لەو نیشانانەیان ھەیەو بەشێکیان تەنھا یەک یان دوو لە نیشانەکانیان ھەیە.

3-ھەستکردن بە ماندووبونێکی زۆر و لەش داھێزران یەکێکە لە باوترین نیشانەکانی کۆرۆنای درێژخایەن ، دیارە ئەم حالەتە دوای تووشبون بە کۆمەلێک ڤایرۆس پێشتر ھەر ھەبووە(chronic fatigue syndrome) ، بەلام لە تووشبوانی کۆرۆنا بە رێژەیەکی زیاتر دەبینرێت . ئەو نیشانەیە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت ، بەلام تێبینی کراوە ژمارەیەکی بەرچاو لەو نەخۆشانە دوای تێپەڕبوونی سالێک بەسەر پەتاکە تاکوو ئێستاش نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە دۆخی ئاسایی خۆیان و دەست بەژیانی ئاسایی بكەنەوە.

4-تەنگەنەفەسی و سنگ ئێشان و دلەکوتی و کۆکەی درێژخایەن زیاتر لەو کەسانە دەبینرێت، کە بەھۆی ڤایرۆسەکەوە تووشی هەوكردنی سیەكان دەبن.

 5-نەمانی یاخود گۆڕانی تام و بۆن وەک نیشانەیەکی بێزارکەر لە ژمارەیەکی بەرچاوی تووشبوانی ئەو پەتایە دەبینرێت.

6-دلەڕاوکێ و خەمۆکی دوای دەربازبوون لە پەتاکە لە بەشێکی نەخۆشەکان دەبینرێت ، پسپۆرانی نەخۆشیە دەروونیەکان کۆمەلێک لێکۆلینەوەیان لەسەر ئەم دیاردە کردووە ، وا دەردەکەوێت کە ژمارەکی زۆر لەو نەخۆشانە پێویستیان بە چارەسەری دەروونی ھەبێت

7- خەو زڕان و گێژی و کێشەی بیرکردنەوەو تەرکیزکردن کۆمەلێک نیشانەی ترن، کە لە بەشێکی نەخۆشەکان دەبینرێت .

8- ئازاری گەدەو ئیسھالی و دل تێکچوون و کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن.

 9-ئازاری جومگەکان و مێروولەکردنی پەنجەکانی دەست و قاچ .

10-سەرئێشەی درێژخایەن و ئازاری قوڕگ و گوێ و قژ ھەلوەرین و ھەندێک نەخۆشی پێستە. 

دیارە بەشێکی زۆری تووشبوانی کۆرۆنای درێژخایەن بە تێپەڕبوونی کات باشتر دەبن ، بەلام بۆ ئێمەی دکتۆر زۆر گرنگە ،  گرفتەکانی کۆڕۆنای درێژخایەن بە ھەند وەرگرین و گوێ لە نەخۆشەکان بگرین و رێنماییان بکەین . 

تێبینی کراوە بەشێک لەو  نەخۆشانەی نیشانەکانی کۆڕۆنای درێژخایەنیان ھەبووە، دوای وەرگرتنی ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا حالەتەکەیان زۆر باشتر بووە، تەنانەت بەشێک لە نەخۆشەکان بە تەواوی چاکبوونەتەوە.

 کوردستانیانی خۆشەویست ، مەبەستم لە نووسینی ئەو کورتە پۆستە باسکردنی راستیەکانە . ھیوادارم کە ئەو نووسینەم ببێتە ھۆکارێک بۆ ھاندانی خەلک بۆ وەرگرتنی ڤاکسین و زیاتر ئاگاداری خۆیان بن و پەیرەوی رێکارەکانی خۆپاراستن بن ، چونکە ئەو کەسانەی کە بە سووکیش تووشی ئەو پەتایە ببن ئەگەری ھەیە بەشێک لەو کێشانەیان بۆ درووست بێت کە باسمان کردووە.

دکتۆر عارف گۆران
پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو
لەندەن

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن