ژمارەیەك تەرمی نەناسراو لە شارێكی عیراق دۆزرانەوە

عێراق

14/04/2021     ژمارەی بینراو 154

راچڵەكین –

لەشاری موسڵ تیمەكانی بەرگری شارستانی ژمارەیەك تەرمی نەناسراو دەدۆزنەوە، كە تەنها ئێسك و پروسكیان ماوەتەوەو پێدەچێت لەكاتی داگیركردنی شارەكە لەلایەن رێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە كوژرابن.
 
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی فەرمانگەی بەرگری شارستانی نەینەوا، ئەمڕۆ 14-4 2021، تیمەكانیان لەناوچەی شەهوانی لەشاری موسڵ، ئێسك و پروسكی شەش كەسیان دۆزییەوە، كە مێژووی كوژرانیان بۆ چەند ساڵێك لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

راگەیەندراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، پێدەچێت ئەو شەشە كەسەی ئێسك و پروسكیان دۆزراوەتەوە، لەكاتی دەسەڵاتی رێكخراوی تیرۆریستی داعش بەسەر شاری موسڵ، لەلایەن چەكدارانی ئەو گروپەوە كوژرابن.

تائێستاش ناسنامەی ئەو كوژراوانە ئاشكرا نەبووە، فەرمانگەی بەرگری شارستانی نەینەواش ئاشكرایكردووە، ئێسك و پروسكەكان رەوانەی پزیشكی دادوەریی موسڵ كراون، بۆئەوەی رێوشوێنەكانی تایبەت بە ناسینەوەیان بگیرێتەبەر.

لەدوای رزگاركردنی شاری موسڵ لەچنگی تیرۆریستانی داعش، تائێستا تەرمی دەیان كەس لەو شارە دۆزراونەتەوە، كە سەرجەمیان لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە كوژرابوون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن