مستەفا كازمی تانە لەچەند بڕگەیەكی بودجەی 2021 دەدات

عێراق

15/04/2021     ژمارەی بینراو 264

راچڵەكین –

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، بڕیاریدا لە دادگا تانە لەچەند بڕگەیەكی یاسای بودجەی 2021 بدات، كە دوای ئەوەی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە تێپەڕێندرا، رۆژی 8ی ئەم مانگە د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆكی كۆمار پەسەندیكرد.

نوسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆك وەزیرانی عیراق بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ 15-4-2021، مستەفا كازمی لەمیانی سەردانێكیدا بۆ پارێزگای موسەنناو دیداری لەگەڵ ژمارەیەك سەرۆك هۆزی ناوچەكانی باشوور، رایگەیاند: لە دادگای باڵای فیدراڵی تانە لەو بڕگانەی ناو یاسای بودجە دەدەم، كە كاریگەریی خراپیان لەسەر كەرتەكانی تەندروستی كارەباو چەند سێكتەرێكی دیكەی پەیوەست بە ژیانی هاووڵاتیان دەبێت.

سەرۆك وەزیرانی عیراق ئاماژەی بەوەشكرد كە لەسەرەتای وەرگرتنی پۆستەكەی، هەموو هەوڵێكیان داوە لەپێناو خزمەتكردنی هاووڵاتیان، بۆئەو مەبەستەش بەرگەی زۆر ئاستەنگیان گرتووەو توانیوانە بەسەریاندا زاڵ ببن.

كازمی باسی لەوەشكرد، كەسانێك هەبوون گرەویان لەسەر شكستهێنانی حكومەت و سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی دەكرد، وتی:" بەڵام ئێمە نەكەوتینە ناو زەڵكاوەكەو بە پشوودرێژی هەوڵ دەدەین بەسەر یەك بەیەكی ئەو ئاستەنگانانەدا سەربكەوین".

رۆژی 31-3-2021، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە زۆرینەی دەنگ، یاسای بودجەی گشتی 2021 پەسەندكرد، ئەمەش دوای دەستكاریكردنی چەندین بڕگەو مادەی ناو پرۆژەیاساكە، كە ئەنجومەنی وەزیران دایڕشتبوو.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن