راكان جبوری بە تۆمەتی گەندەڵی بانگھێشتی دادگا دەكرێت

عێراق

15/04/2021     ژمارەی بینراو 113

راكان جبوری لەچەند كەیسَكی گەندەڵی تۆمەتبار كراوە

راچڵەكین –

دەستەی دەسپاكی عیراق رایگەیاند، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت و ژمارەیەك بەڕێوەبەری بەشەكانی دیوانی پارێزگاكە، بەھۆی سەرپێچی و زیانگەیاندن بەسامانی گشتی، لەلایەن دادگاوە فەرمانی بانگهێشتكردنیان بۆ دەرچووە.

دەستەكە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، فەرمانگەی لێكۆڵینەوەكان لە دەستەی دەسپاكی عیراق، لە خستنەڕووی وردەكاری ئەو كەیسەی كە لێكۆڵینەوەی تێدا كردووەو رەوانەی دادگای كردووە، ئاماژەی بەوەداوە دادگا فەرمانی بانگھێشتكردنی بۆ پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت و ژمارەیەك بەڕێوەبەری بەشەكانی دیوانی پارێزگاكە دەركردووە، كە ھەر یەك لە بەڕێوەبەری بەشەكانی گرێبەستەكانی حكومی و پلاندانانی گشتی و ئەندازیاری و بەڕێوبەری پێشووی ژمێریاری تێدایە.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشدراوە، فەرمانی بانگھێشتكردنەكە بەھۆی ئەنجامدانی سەرپێچییە لەكاتی ئەنجامدانی كارەكانی نۆژەنكردنەوەو گۆڕینی كەلوپەلەكان لە دیوانی ‌پارێزگای كەركوك دەركراوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو كە فەرمانی بانگھێشتكردنەكە ‌پشتبەستن بە ماددەی ٣٤٠ لە ‌یاسای سزادانی عیراقی دەركراوە، بەھۆی سەرپێچییكردن لە گۆڕینی كەلوپەلی تەلاری نوێی پارێزگا و ھۆڵی پێشوازیكردن و گەیاندنی كارەبا.

پێشتر دەستەی دەسپاكی عیراق فەرمانی بانگھێشتكردن و قەدەغەی گەشتكردنی بۆ پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت و بەڕێوبەری بنیاتنانی قوتابخانەكانی لە دیوانی پارێزگاكە دەركردبوو.

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو كە فەرمانی دەستگیركردن بۆ ٢٣ فەرمانبەر دەركراوە لەسەر كەیسی دروستكردنی قوتابخانە لەسەر شێوازی تەلاری ئامادەكراو لە پارێزگای كەركوك.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن