پەرلەمانی عیراق داوایەكی حكومەت بۆ لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران رەتدەكاتەوە

عێراق

16/04/2021     ژمارەی بینراو 515

راچڵەكین –

ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەفەرمی داوایەكی حكومەتی رەتكردەوە بۆ لێبڕینی موچەی فەرمانبەران بەناوی باجی دەرماتەوە، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانیش دەڵێت: داواكارییەكە لەگەڵ ناوەڕۆكی یاسای بودجە یەكناگرێتەوە.

هەیسەم جبوری سەرۆكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران، لە راگەیەندراوێكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، وەزارەتی دارایی عیراق داوایكردووە پشتبەستن بە ماددەی 34 لە یاسای بودجەی پەسەندكراوی 2021، باج بخرێتە سەر مووچەی فەرمانبەران.

وتیشی:" لەبەر ئەوەی داواكارییەكە لەگەڵ ناوەڕۆكی یاسای بودجە یەكناگرێتەوە، بۆیە رەتمانكردەوەو رێگەش نادەین لەژێر هیچ بیانووێكدا لێبڕین لە مووچەی فەرمانبەران بكرێت".

جبوری ئاماژەی بەوەكرد، لە یاسای پەسەندكراوی بودجەی 2021، هیچ بڕگەیەكی تێدا نییە كە ئاماژە بە لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران بكات، ئەو ماددەیەش كە وەزارەتی دارایی پشتی پێبەستووە بۆئەوەی لەو رێگەیەوە باج بخرێتەسەر مووچە، خوێندنەوەی وردی بۆ نەكردووە، هەربۆیە ئەو مافەی پێنادات.

سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق روونیكردەوە، ماددەی 34ی یاسای بودجە، تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبوونی گومرگی و باجی سەر هاوردەكردنی كەلوپەل، هیچ پەیوەندییەكی بە باجی دەرامەت و لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران نییە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن