كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق: داوامان لە ٧٥ وڵات و رێكخراو كردووە، چاودێری ھەڵبژاردن بكەن

عێراق

17/04/2021     ژمارەی بینراو 236

راچڵەكین-

كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند، داوای لە ٧٥ وڵات و رێكخراو كراوە كە چاودێری ھەڵبژاردنی پێشوەختە بكەن.

وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عیراق، جومانە غەلای لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی: "بە ھەماھەنگیی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عیراق، داوامان لە ٧٥ باڵیۆزخانەی عەرەبی، بیانی و رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی كردووە كە چاودێری ھەڵبژاردنی پێشوەختە بكەن".

چاوەڕوان دەكرێت ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە ١٠ی مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ لە عیراق ئەنجام بدرێت.

لە مانگی ئاداری رابردوودا، كۆمیسیۆنی باڵای سەربەھۆی ھەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاندبوو، تا ئێستا ٣٠ ھاوپەیمانیی كە لە ٢٥٠ پارت پێكھاتوون، تۆماركراون بۆ ئەوەی بەشداری لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەدا بكەن.

بەپێی راگەیەندراوی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان ، ٢٥ ملیۆن و ١٣٩ ھەزار و ٣٧٥ دەنگدەر مافی بەشدارییكردنیان لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھەیە كە بڕیارە لە ١٠ی تشرینی یەكەمی داھاتوو بەڕێوەبچێت.                 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن