كۆڵبەرێكی كورد لەژێر ئەشكەنجەی چەكدارانی توركیا گیانی لەدەستدا

کوردستان

18/04/2021     ژمارەی بینراو 240

راچڵەكین-

دوو كۆڵبەری خەڵكی چاڵدێران لە كاتی كۆڵبەری لە سنوورەكانی ئەو شارە، دوای دەستبەسەركردنیان لەلایەن هێزە چەكدارەكانی توركیا،بە سەخترین شێوە ئەشكەنجە دراون، یەكێك لە كۆڵبەرەكان لە ژێر ئەشكەنجەدا گیانی لەدەستدا.

ئێوارەی پێنجشەممەی رابردوو،دوو كۆڵبەری خەڵكی چاڵدێران لە كاتی كۆڵبەریدا لە لایەن هێزەكانی توركیاوە دەستبەسەركراون و ئەشكەنجە كراون.

بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، لە ئەنجامی ئەشكەنجەی هێزە ئەمنیەكانی توركیا كۆڵبەرێك بە ناوی حەسەن كەچەلانلوو تەمەن ٣٥ ساڵ گیانی لەدەست داوە كە خێزاندار و باوكی سێ منداڵ بووە. وەك رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكردووەتەوە.

هەروەها كۆڵبەرێكی دیكە بە ناوی بارام سەمەدی  بە سەختی ئەشكەنجەدراوەو توانیویەتی لە شوێنەكە هەڵبێت. ئێستا ئەم كۆڵبەرە لەناوەندە دەرمانیەكانی چاڵدێران لە ژێر چاودێری پزیشكیدایە.

شەوی هەینی 21ی ئاداری ئەمساڵ بەهەمان شێوە كۆڵبەرێكی دیكەی كورد بە ناوی بورهان سلێمانی لە كاتی كۆڵبەری لە سنوورەكانی كۆتۆل لەلایەن هێزەكانی توركیا دەستبەسەركراو بەهۆی ئەشكەنجەی ئەو هێزانە، گیانی لەدەستدا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن