لەبارەی ئاوی لەدەبەنراو هۆشداری دەدرێت

کوردستان

18/04/2021     ژمارەی بینراو 324

راچڵەكین-

قائیمقامیەتی سلێمانی رایدەگەیەنێت، هەر شوێنێك ئاوی لەدەبەنراو له ‌پلەی گەرمی بەرز و تیشكی خۆر عەمبار بكات، رووبەڕووی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە.

لەشكر حەمید، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند:" بەهۆی بەرزبونەوەی پلەكانی گەرمی و هاتنی وەزری هاوین، ئاگاداری سەرجەم كارگەكانی ئاو، ماركێت و دوكانەكان دەكەین لە  هەر شوێنێك ئاوی لەدەبەنراو لە شوێنی پلەی گەرمی بەرز و بەرتیشكی خۆر عەمبار بكات دەستی بەسەردا دەگیرێت و خاوەنەكەشی روبەڕوی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە."

وتیشی:" بەپێی رێنماییەكان نابێت ئاوی لەدەبەنراو لە شوێنی گەرم و بەرتیشكی خۆر عەمبار بكرێت یان بگوازرێتەوە، چونكە بەهۆی كارلێكی كیمیاییەوه ئاوی ناو دەبە پلاستیكەكان دەبێتە هۆكارە كەمبونەوەی بەرگری لەش و زیان بەتەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت، بەرزبونەوەی پلەی گەرمی بۆ (25) پلەی سەدی،‌ بەشێكی پلاستیكەكە لەگەڵ ئاوەكە‌ كارلێك دەكات دەبێتە هۆكاری سەرەكی بۆ توشبون بەنەخۆشی شێرپەنجەو تێكچونی هۆرمۆنەكان بەتایبەت لەخانماندا."

لەشكر حەمید ئاماژە بەوەدەكات:" پێش ئەوەی ئاو بكرێتە ناو دەبەپلاستیكەكان ‌مادەی ئۆزۆن (O3) بۆ خاوێنكردنەوە بەكاردەهێنرێت لەبری كلۆر، لەكاتی بەركەوتنی ئۆزۆنەكە بەتیشكی خۆر، مادەكە شیدەبێتەوە بۆ (O2) لەگەڵ ئۆكسجینێكی چالاك، (O2) بەبێ كێشە لەگەڵ ئاو تێكەڵدەبێت، بەڵام مانەوەی یەك ئۆكسجین و بەركەوتنی بەتیشكی خۆر، لەش توشی نەمانی بەرگری دەكات."

دەشڵێت": قائیمقامیەتی سلێمانی نوسراوی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی كردوە لەكاتی بەدیكردنی گواستنەوەی ئاوی لەدەبەنراو لەبەر تیشكی خۆر و دانەپۆشراوی دەستی بەسەردا بگیرێت و سزای شۆفێرەكە بدرێت."

 لەشكر حەمید داوا لەهاوڵاتیان دەكات :"لەكاتی هەبون و بەدیدكردنی ئاوی لەدەبەنراو له ‌شوێنی گەرم و بەرتیشكی خۆر، لەرێی ژمارە (07708677777) یان لاپەڕەی تایبەتی (قائیمقامیەتی سلێمانی) لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئاگاردار بكەنەوە بۆ گرتنەبەری رێكاری پێویست بەرامبەر سەرپێچیكاران."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن