وەزارەتی رۆشنبیری بەدەم پەیامەكەی كۆسرەت رەسول و مەسعود بارزانییەوە دێت

کوردستان

22/04/2021     ژمارەی بینراو 821

راچڵەكین –

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەیادی 123 ساڵەی رۆژنامەگەریی كوردییەوە، بەدەم پەیامەكانی كۆسرەت رەسول عەلی مەسعود بارزانییەوە دێت بۆ پەیڕەوكردنی ئیتیك و بنەماكانی كاری ڕۆژنامەوانی، داواش لە سەرجەم لایەنە سیاسییەكان دەكات فەرمان بە دەزگا میدیاییەكانیان بكەن كە دوور بكەونەوە لە شێوازی ناشارستانی كاری میدیایی و بە تەواوی ڕەچاوی پێوەرە جیهانی و ناوخۆكانی كاری رۆژنامەنووسی و ڕاگەیاندكاری بكەن.

وەزارەتەكە لە ١٢٣ هەمین ساڵیادی رۆژنامەگەری كوردیدا، چەند پەیامێكی بۆ رای گشتی خستووەتەڕوو.

دەقی پەیامەكە:


پەیامێك لەوەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانەوە

بۆ بەڕێزان گشت لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و رۆژنامەنوسان و راگەیاندكارانی ئازیز.

بابەت/  پەیامی میدیایی هاوسەنگ و سەنگین 

راگەیەنراوی بارەگای بارزانی كە لە ٢٠٢١/٤/٢٠ دا بڵاوكرایەوە و تایبەت بوو بە پەیامی كاك مەسعود بارزانی بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن و میدیایی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە لەناوەڕۆكیدا بەڕێزیان فەرمانی بەو دەزگایانە كردووە، خۆیان بە دوور بگرن لە دیاردەی ناپەسەندی بەكارهێنانی زمانی زبر لە ڕاگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا. ھەروەھا بەڕێز كاك كۆسرەت سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لەیادی ١٢٣ ساڵەی ڕۆژنامەگەریی كوردیدا، پەیامێكی بڵاوكردەوە، داوا دەكات ڕۆژنامەنووسان پابەندی ئیتیكی كاری ڕۆژنامەوانی بن و بابەتیانەو پیشەییانە ئەركەكانیان جێ بەجێ بكەن و دووربكەونەوە لە زمانی تەشھیر و ھاندانی توندوتیژی.

ئێمە وێڕای دەستخۆشی و سوپاسگوزاریمان، بۆ ئەم دوو هەڵوێستە، بە ھەلی دەزانین لە یادی ١٢٣ ھەمین ساڵەی ڕۆژنامەگەری كوردیدا لەبەر ڕۆشنایی ئەم دوو پەیامە، ئەم پێشنیارانە بۆ ھەموو لایەك بخەینەڕوو.

یەكەم: گشت لایەنە سیاسییەكانی كوردستان (ئەوانەی لەدەسەڵاتن و ئەوانەش كە ئۆپۆزسیۆنن) بەهەمان شێوە فەرمان بە دەزگا میدیاییەكانیان بكەن كە دوور بكەونەوە لە شێوازی ناشارستانی كاری میدیایی و بە تەواوی ڕەچاوی پێوەرە جیهانی و ناوخۆكانی كاری رۆژنامەنووسی و ڕاگەیاندكاری بكەن، بە تایبەتیش ڕەچاوی یاسا و ڕێنماییە بەركارەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق بكەن.

دووەم : وا باشترە گشت حزب و لایەنە سیاسیەكان خەڵك و جەماوەری خۆیان بە ئاقاری پاراستنی یەكڕیزی نیشتمانی و ئاشتەوایی كۆمەڵگای كوردستانەوە هانبدەن و ئاراستەیان بكەن و دووریان بخەنەوە لەهەموو جۆرە دیاردەیەكی توندڕەوی و سڕینەوەی یەكتری و بێ ڕێزیكردن بە نەتەوەو مێژووی كوردستان و سەروەرییەكانی. 

سێھەم : كەناڵەكانی ڕاگەیاندنیش پابەندی ئیتیك و موڕاڵی رۆژنامەوانی بن و ڕێز لە ئادابی گشتی و ڕەوشتی بەرزی كوردەواری بگرن و نەبنە ھۆكار بۆ زیاد بوونی توندو تیژی و كێشەی كۆمەڵایەتی.

پێوستە ھەمووان بەتایبەت لایەنە سیاسیەكان دور كەونەوە لە ھاندان و پشتگیری كردنی  ئەو سایت و لاپەڕەو ڕایەڵە ئەلیكترۆنییانەی تۆڕی كۆمەڵایەتی كە خەریكی تەشھیر و سوك كردنی بەھاكانی كۆمەڵگان كە زۆربەیان سێیبەر و ھەڵگری بیرو باوەڕی  لایەنە سیاسیەكانن، بەبێ جیاوازی. 

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان ھەمیشە پشتگیری لە فراوان كردنی پانتایی زیاتری ئازادی ڕادەربرین و كاری راگەیاندن دەكات. 

ئێمە جارێكی تر وێڕای دەستخۆشی لە بڕیار و پەیامی كاك مسعود بارزانی و كاك كۆسرەت، داوا لە سەرۆك و سەركردەكانی لایەنە سیاسییەكان دەكەین لە ساڵیادی رۆژنامەگەریی كوردی، پەیام و بڕیاری خۆیان ئاراستەی میدیاكانیان بكەن،  پەیامێك  روەو ئاشتەوایی و یەكڕیزی و پاراستنی بەھا بەرزەكانی كوردەواری بێت، چونكە بە ڕاست ھەرێمی كوردستان و ھەموو لایەك لەبەردەم مەترسیەكی ڕاستەقینە داین. 

 وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن