نێچيرڤان بارزانى: عیراقييه‌كان چيتر دروشمى بێ ناوه‌ڕۆك قبووڵ ناكه‌ن

کوردستان

23/04/2021     ژمارەی بینراو 192

راچڵەکین-

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نه‌وه‌یه‌كى تازه‌ له‌ عیراق دروست بووه‌ و چیتر دروشمى بێ ناوه‌ڕۆكیان له‌ سیاسییه‌كانى وڵات قبووڵ نییه‌، بۆیە دەبێت چاره‌سه‌رێكى جددى بۆ دۆخى عیراق بدۆزرێته‌وه.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی شەرقییەدا کە شەوی رابردوو پێشکەشکرا رایگەیاند، له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى عێراق و سه‌قامگيريى وڵاتدا، ده‌بێ هه‌موو لايه‌ن و پێكهاته‌كان لێكگه‌يشتن و ڕوانگه‌يه‌كى هاوبه‌شيان بۆ داهاتووى عیراق هه‌بێت و له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و پره‌نسيپه‌كانى سازان، هاوسه‌نگى و هاوبه‌شى، پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن وانه‌ و سووديش له‌ هه‌ڵه‌كانى ڕابردوو وه‌ربگرن.

وتیشی:"نه‌وه‌يه‌كى تازه‌ له‌ عیراق دروست بووه‌ و دواى هه‌ژده‌ ساڵ ئيتر قۆناغى ڕاگوزه‌ر‌ له‌ وڵات ته‌واو بوو. عیراقييه‌كان چيتر دروشمى بێ ناوه‌ڕۆكيان له‌ سياسييه‌كانى وڵات قبووڵ نييه‌ و ده‌بێ چاره‌سه‌رێكى جددى بۆ دۆخى عیراق بدۆزرێته‌وه".

سەرۆکی هەرێم دەشڵێت:" پیموایه‌ عیراقییه‌كان ورده‌ ورده‌ و نه‌وه‌ی تازه‌ى وڵات ئێستا گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و قۆناغه‌. نه‌وه‌ی ئێستای عیراق، نه‌وه‌ی پێش ده‌ ساڵ نییه‌، ئه‌وه‌ی ساڵی 2003 له‌دایك بووه‌، ئێستا ته‌مه‌نی 18 ساڵه‌. ئه‌مه‌ خۆی له‌ خۆیدا ئێستا ئاماده‌یه‌ بۆ ئه‌و گۆڕانكارییه‌ و قبووڵی ناكات، گه‌لی عیراق مومكین نییه‌ هه‌ر دروشمى بێ ناوه‌ڕۆك له‌ سیاسییه‌كانی عێراقی قبووڵ بكات و ژیانی ده‌وێت، كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌غداش به‌شێكن له‌و سه‌قامگیرییه‌ سیاسییه‌ی كه‌ عیراق ده‌بێت به‌خۆیه‌وه‌ بیبینێت. ئه‌مڕۆ ڕاستييه‌ك له‌ عیراق هه‌یه‌، ده‌مه‌وێت ڕاشكاوانه‌ باسی بكه‌م، سه‌یری عیراق بكه‌، به‌ به‌رده‌وامی پێكهاته‌یه‌كی عیراق ترسی له‌ ڕابردوو هه‌یه‌، به‌رده‌وام پێكهاته‌یه‌كی دیكه‌ ترسی له‌ ئاینده‌ هه‌یه‌، به‌رده‌وام پێكهاته‌یه‌كی دیكه‌ ترسی له‌ ڕابردوو.

دەشڵێت:" له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنێكی زۆر گرنگى ئاینده‌داين، ده‌زانین زۆر هۆكاریش هه‌بووه‌ كه‌ پێشتر نه‌یانهێشووه‌ به ‌ڕاستی و به‌ جددی فۆكه‌س بخه‌ینه‌ سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ و یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین كێشه‌كانیش، داعش بووه‌. ساڵی 2014 له‌ هه‌رێمی كوردستان (1100) كیلۆمه‌تر سنوورمان له‌گه‌ڵ داعش هه‌بوو، دوو ملیۆن ئاواره‌مان هه‌بوو، نزیكه‌ی (10000) هه‌زار پێشمه‌رگه‌ی ئێمه‌ بریندار بوون، نزیكه‌ی (2000) پێشمه‌رگه‌ش شه‌هیدمان هه‌یه‌، بێگومان ئه‌مه‌ ته‌نها له‌ هه‌رێمی كوردستان نا، هه‌موو عیراقییه‌كان وایان به‌سه‌رهاتووه‌ و قوربانییان داوه‌، ئه‌مڕۆ پێمان وایه‌ دۆخێكی دیكه‌ هاتۆته‌ پێش، دۆخێك كه‌ ده‌بێت پێكه‌وه‌ دانیشین و ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ین".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن