سێ هاووڵاتی مەدەنی لەلایەن داعشەوە كوژران

عێراق

23/04/2021     ژمارەی بینراو 286

راچڵەكین –

چەكدارای داعش لەناوچەیەكی پارێزگای دیالە، سێ هاووڵاتیی مەدەنی دەكوژن، پەرلەمانتارێكی عیراقیش هۆشداری لە خراپتربوونی دۆخی ئەمنیی لەو پارێزگایە دەدات.

میدیاكانی عیراق بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ هەینی لەكاتی تێپەڕبوونی ئۆتۆمبیلێك لە گوندی جیزانی لەسنووری پارێزگای دیالە، بۆمبێكی پێدا تەقییەوە، كە لەلایەن تیرۆریستانەوە چێندرابوو، دواتر چەند چەكدارێكی داعش دەستڕێژی گولـلەیان لە ئۆتۆمبیلەكە كرد كە ژمارەیەك هاووڵاتی مەدەنی تێدابوو.

لەئەنجامی ئەو رووداوەش، سێ هاووڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداو بەر لە گەیشتنی هێزە ئەمنییەكانیش، چەكدارە تیرۆریستەكان بەرەو شوێنێكی نادیار هەڵاتن.

لەبارەی خراپیی دۆخی ئەمنیی پارێزگای دیالەو زۆربوونی كردەوە تیرۆریستییەكانی داعش تێیدا، رەعد دەهلەكی نوێنەری دیالە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، دۆخی ئەمنیی رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبێت و هێزە ئەمنییەكانیش توانای كۆنترۆڵكردنی دۆخەكەو بەرگرتن لە كردەوە تیرۆریستییەكانیان نییە.

وتیشی:" پێویستە لەسەر حكومەتی عیراق، پاڵپشتییەكانی بۆ هێزە ئەمنییەكان و سوپا لەپارێزگای دیالە زیاتر بكات و هێزو كەرەستەی زیاتری سەربازی رەوانەی ئەو ناوچانە بكات كە جموجۆڵی تیرۆریستانی تێدا پەرەی سەندووە".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن