راچڵەکین- وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان خشتەی پوختەی وانەکانی بۆ قۆناغەکانی بنەڕەتی و ئامادەیی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێویستە لە خوێندنی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین پەیڕەو بکرێت. وەزارەتی پەروەردە دەشڵێت، تەنیا ئەو بابەتانە بۆ تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵی خوێندن داغڵ دەبن کە پێش مانگی تەممووز دەخوێندرێن. ئەوە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ یەکشەممە ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند،کردنەوەی دەرگای خوێندنگاکان کارێکی ئاسان نییە، بەڵام ئەگەر بارودۆخ ڕێگە بدات هەوڵدەدەن لەدوای جەژن بگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن. وتیشی:"داخستنی قوتابخانەکان و دابەزینی ئاستی پەروەردە و فێرکردن تەنها لە هەرێمی کوردستان نییە و لە هەموو جیهاندا هەیە". سەبارەت بە کردنەوەی دەرگای خوێندنگاکان ئاماژەی بەوەشکرد:"پلانمان هەیە کە بتوانین لەدوای جەژن بگەڕێینەوە ناوەندەکانی خوێندن و بابەتەکانیش کورتکراونەتەوە، بۆ ئەوەی بتوانین لەو ماوەیەی کە ماوە ئەو وانانە بخوێنین کە گرنگ و پێویستن و بتوانین خوێندن تەواو بکەین"