مامۆستا هەڵۆ پەیوەندی بەدكتۆر كەریم قەرەچەتانی دەكات

کوردستان

06/05/2021     ژمارەی بینراو 1693

راچڵەكین-

مامۆستا هەڵۆ حەمەڕەشید رەتیدەكاتەوە بێڕێزی بە دكتۆر كەریم شەریف قەرەچەتانی كردبێت و دەڵێت، "هەمیشە لەو كاتانەی كە هێرشی كراوەتە سەر داكۆكی لێ كردووە". 

مامۆستا هەڵۆ حەمەڕەشید، پێشنوێژ و وتار خوێن لە بڵاوكراوەیەكدا ئاماژەی بەوە كردووە، " هەندێ دڵ نەخۆش و ناحەز هەستاون بە بڕین و دروست كردنی ڤیدیۆیەكی مامۆستا هەڵۆ بە شێوەیەك كە ببێتە تانەدان لە دكتۆر (كەریم شریف قەرەچەتانی) كە بە هیچ شێوەیەك مامۆستا مەبەستی سوكایەتی نیە بە خانەوادەی دكتۆر و بەڕێزیان".  

ئاماژە بەوەشكراوە: "بە پێچەوانەوە ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ ڤیدۆكانی چەند مانگێك لەمەو پێشی مامۆستا زۆر بەڕوونی و ئاشكرا، ناوی دكتۆر دەهێنێت و بەرگری لێ ئەكات لە هەموو ئەو كاتانەیا كە هێرشی نارەوای ئەكرێتە سەر بەهۆی بەرگری كردن لە ئەخلاق و ناموسی كۆمەڵگا".  

وەك لەبڵاوكراوەكەدا هاتووە: " دكتۆر لە ڕێی برازایەكیەوە گفتوگۆی لەگەڵ مامۆستا كرد و مامۆستاش بابەتەكەی بۆ ڕوون كردەوە بە پێچەوانەوە بڕیاریاندا پەیوەندی نێوانیان پتەو تر بكەن و زیاتر هاریكاری یەكتر بكەن لە ڕووبەڕوو بونەوە و بەرپەرچ دانەوەی چەتەكانی ڕەوشت و ئایندا".  

پێشتر دكتۆر كەریم شەریف قەرەچەتانی، بەرامبەر ئەو هێرشەی كەلەلایەن مامۆیستا هەڵۆ كرابووە سەری و لەتۆمارێكی ڤیدیۆییدا بڵاوكرابوەوە، بڕیاریدابوو رۆژی شەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وەڵامی بداتەوە، بەڵام بە وتەی خۆی:"لەسەر داوای ژمارەیەك مامۆستای ئاینی كە پەیوەندیان پێوە كردووە و كۆمێنتیان بۆ نووسیوە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەی رۆژی شەممە ناكات".

دكتۆر كەریم قەرەچەتانی ئەوەی روونكردووەتەوە: " پەنا بۆ یاسا دەبەم و لە دادگا شكات لەو مامۆستا بەرێزە دەكەم و ھەردوو ڤیدیۆكە پێشكەش بە دادگا دەكەم و با لە دادگا  ئەو تۆمەتانەی داویەتە پاڵم و خەڵك لە دژم ھاندەدات و مەبەستی ناوزڕاندنی منە، بیسەلمێنێ، دادگاش ھەر بریارێك بدات من ملكەچی دەبم".

ئەو دەشنوسێت:"من نازناوی زانستیم بە توێژینەوەی زانستی و بە ماندوو بوونی خۆم وەرگرتووەو زانكۆ بەمنی داوە، ئەی بە چ حەقێك بۆ سوكایەتی لە جیاتی پرۆفیسۆر پێم دەڵێ ترۆفیسۆر ئەمە نەك سوكایەتیە بە من بەڵكوو بە ھەموو مامۆستایانی زانكۆ.باشە ئەگەر ئەو مامۆستا بەرێزە لە دین زانایەو من نەزان  بە چ ئایەتێك بە من دەڵێت فڵتە فڵت و  چەندەھا وشەی ناشیرینی تر لە كوێش لە ماڵی خودا؟ باشە خودای گەورە نافەرموێ بە باشترین شێوە مجادەلەیان لەگەڵ بكەن، ئەم زمانە بازاری و پڕ جنێوە زمانی مامۆستای ئاینیە؟".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن