تەقینەوەیەک لە ئەفغانستان گیانلەدەستدانی ٢٥ کەسی لێکەوتەوە

جیهان

08/05/2021     ژمارەی بینراو 233

راچڵەکین-

لە کابول-ی پایتەختی ئەفغانستان، تەقینەوەیەک لە بەردەم قوتابخانەیەک لە کاتی بەربانگدا، گیانلەدەستدانی ٢٥ کەسی لێکەوتەوە.

تاریق ئاریەن، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆیی ئەفغانستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تەقینەوەیەک لە بەردەم قوتابخانەی سەیدولشوھەدا لە ناوچەی دەشتی بارچی لە کابول روویداوە.

ئاریەن، ئاماژەی بەوەش کرد کە بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، تەقینەوەکە گیانلەدەستدانی ٢٥ کەسی سڤیلی و برینداربوونی ٥٢ سڤیلی لێکەوتووەتەوە و ئەوەشی راگەیاند کە مەترسی لە زیادبوونی ژمارەی گیانلەدەستدان لە ئارادایە.

بەپێی وتەی شایەتحاڵەکان، ھێرشکارەکە بە ئۆتۆمبیلێکی بۆمبرێژکراوەوە دەروازەی قوتابخانەکەی کردووەتە ئامانج و ئاماژەیان بەوەش کردووە کە ھێرشەکە گیانلەدەستدانی زیاتر لە ٣٠ کەسی لێکەوتووەتەوە.

سەرجەم ئەو شەقامانەی کە دەگەنە ناوچەی تەقینەوەکە بە رووی ھاتوچۆدا داخران.

ھێشتا ھیچ لایەنێک ھێرشەکەی نەگردووەتە ئەستۆ.

ھاوکات بزووتنەوەی تاڵیبان رایانگەیاند کە ھیچ پەیوەندییەکیان بە تەقینەوەکەوە نییە و ئیدانەی هێرشەكەيان کرد.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن