ژمارەی قوربانیانی بۆردومانەكەی ئیسرائیل بۆسەر كەرتی غەززە بەرزدەبێتەوە

جیهان

11/05/2021     ژمارەی بینراو 273

راچڵەكین –

ژمارەی كوژراوو بریندارانی هێرشە ئاسمانییەكانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر كەرتی غەززە بۆ زیاتر لە 180 كەس بەرزدەبێتەوە، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینیش ئاشكرایدەكات، 10 منداڵ گیانیان لەدەستداوە.

 بەگوێرەی نوێترین ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، ژمارەی كوژراوانی هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل بۆسەر كەرتی غەززە، بۆ 28 كەس بەرزبووەتەوە، كە 10 كەسیان منداڵن.

ئاماژەی بەوەشكردووە كە ژمارەی برینداران گەیشتووەتە 154 كەس، هەندێكیان برینەكانیان سەختە.

هێرشە ئاسمانییەكانی سوپای ئیسرائیل كە ماوەی دوو رۆژە بە چڕی بۆسەر كەرتی غەززە بەردەوامە، لەوەڵامی هێرشە مووشەكییەكانی بزووتنەوەی حەماس دێت، كە ژمارەیەك شاری ئیسرائیلی بۆردومانكردووە.

پێشتریش سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو، تائێستا 130 پێگەو بنكەی سەربازیی حەماس و جیهاد-یان لە غەززە بۆردومانكردووەو 15 بەرپرسی ئەو دوو گروپەشیان كوشتووە، لەوانەش سەمیر عەتا و سامح عەبدولمەلیك، كە بەرپرسی سیستەمی موشەكیی حەماس و جیهاد-ن. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن