راچڵەكین-
بەگوێرەی ئەو ئامارە نافەرمیانەی بڵاوكراونەتەوە، لەماوەی 48 كاتژمێری رابردوودا بەهۆی شەڕوپێكادانی نێوان سوپای ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لەكەرتی غەززە، لانی كەم 50 كەس كوژراون.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەبێت، لەو ماوەیەدا لانیكەم 35 فەلەستینی كوژراون كە 10یان منداڵن، هاوكات 5 ئیسرائیلیش لە ئەنجامی مووشەكبارانی ناوچە جیاجیاكانی ئەو وڵاتە لەلایەن گروپە چەكدارەكانی فەلەستین، كوژراون.
لەلایەن خۆشییەوە، سوپای ئیسرائیل ئەم بەیانییە رایگەیاند، زیاتر لە 1000 موشەك لەلایەن گرووپە جیهادییەكانی غەززە ئاراستەی ئیسرائیل كراون، سیستەمی بەرگریی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆربەی مووشەكەكانی داوەتەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی بڵاوكراونەتەوە، دوێنێ ئیسرائیل باڵەخانەیەكی 12 نهۆمی لە غەززە بۆردوومان كردووە، بەپێی زانیارییەكانی ئاژانسی فرانس پرێس " بێت، لەو بۆردومانەدا چەندین فەرماندەی باڵای بزووتنەوەی حەماس كراونەتە ئامانج، بەڵام حەماس ئەمەی پشتڕاستنەكردووەتەوە.