وەزیری پێشمەرگە: لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عیراقدا هەیە

کوردستان

13/05/2021     ژمارەی بینراو 167

راچڵەکین-

وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند، لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان پێشمەرگەو سوپای عیراق هاتووەتە ئاراوە.  

وەزیری پێشمەرگەی هەرێم ئەمڕۆ پێنجشەممە سەردانی سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لە رۆژهەڵاتی موسڵ کرد و ڕایگەیاند، شەونخونی قارەمانێتی ئێوە هەرگیز لە یادناکرێت، بەو پێیەی  هەمیشە هەوڵەکانتان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کوردستانە ، لەم پێناوەدا گیان دەبەخشن، تا خەڵکی کوردستان لەسەرجەم بۆنە و یادەکاندا بە ئارامی کاتەکانیان بەرێ بکەن، بۆیە ئێوە هەمیشە سیمبولی تێکۆشان و قارەمانێتی گەلەکەمانن و شانازیتان پێوە دەکەین".

راشیگەیاند:"جێگەی دڵخۆشی ئێمە و هەموانە هێزی پێشمەرگە لە تەواوی ناوچەکان سەنگەرەکانیان بە رووی تیرۆریستان بەهێز و توکمەیە، هەمیشە ئامادەسازن بەرامبەر تیرۆریستان بجەنگن لە پێناو ئارامی و ئاسایشی خاکی کوردستان و ناوچەکە، وتیشی: ئێمە وەکو وەزارەتی پێشمەرگە هەموو پاڵپشتی و پشتیوانی خۆمان دووپاتدەکەینەوە بۆ بەهێزکردنی توانای سەربازی و لۆجیستی بۆ رووبەڕوبونەوەی تیرۆریستان و تێکشکاندن و لە ناوبردنیان".

شۆڕش ئیسماعیل، داوایکرد جەژن بکرێتە هەوێنی نزیککردنەوەو رێککەوتنی لایەنەکان لەسەر پشتگیری و پاڵپشتیان بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان، کە ببێتە سەنەدی بەهێزکردنی هێزی پێشمەرگە و بونیاتنانی هێزێکی نیشتمانیی سەربەخۆیانەی سەربازی سەردەمی".

وتیشی:" دۆخی ئێستا وا دەخوازێت هەمووان و هاوکار و هەماهەنگی پێشمەرگە بن، بۆ ئەمەش داوایکرد پاڵپشتی دارایی و لۆجیستی و سەربازی هەمەلایەنەی پێشمەرگە بکرێت".

وەزیری پێشمەرگه ئاماژەی بەوەشکرد:"کە ئەو لێکتێگەیشتنەی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق هاتۆتە ئاراوە، جێی بایەخەو هیواخوازن بگاتە رێککەوتنێکی گشتگیر و کۆنکریتی. کە زامنی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و تێکشکانی تەواوەتی تیرۆریستانی لێدەکەوێتەوە".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن